تەندروستیی سلێمانی: 100 کارمەند بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن


رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، 100 کارمەندی تەندروستی بەشێوەی گرێبەست بۆ شاری سلێمانی دادەمەزرێندرێن. دەشڵێت، "رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان و رێکخراوێكی ئیتاڵی نەخۆشخانەیەکی تایبەتیان بە منداڵان کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی 154 کارمەندەوە، هێشتا نەکراوەتەوە."

محەممەد عەلی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەمیانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی رایگەیاند، لە رابردوودا ئەو منداڵانەی نەخۆشیی دڵیان هەبوو، بۆ چارەسەر رەوانەی وڵاتانی ئیتاڵیا و هیندستان دەکران بۆ چارەسەر، بەڵام ئێستا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشیی دڵ لەلایەن رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان بە هاوکاریی رێکخراوێکی ئیتاڵی کراوەتەوە، نەخۆشخانەکە تایبەتە بە منداڵان و هەموو شتێکی ئامادەیە لە پێداویستی و کەرەستە و تەنانەت پزیشکیش، بەڵام پێویستی بە 154 کارمەند و پەرستار هەیە، داواکاری بۆ دامەزراندنی ئەو 154 کەسە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نییە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە دامەزراندنی 100 کارمەندی تەندروستی بۆ پسپۆڕییەکانی پەرستار و بێهۆشکار بەشێوەی گرێبەست بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک. 
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، "بڕیارە 100 کەس بۆ سلێمانی دابمەزرێت، لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە پسپۆڕیی بێهۆشکاری و پەرستار دەبن بۆ نەخۆشخانەی ئەڵمانی."
 
ئەو یاریدەدەرە دەشڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 14 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان هەن کە دەرچووی بەشە پزیشکییەکانن، بۆ ئەو 100 کەسەی کە دادەمەزرێندرێن، بەشێوەی خاڵبەندی دەبێت و دەبێت نیشتەجێی نێو شاری سلێمانی بن.
 
محەممەد عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی فۆرمەکە، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەو دوو پسپۆڕییە تاوەکو 16ـی ئاب دەتوانن داواکارییەکان بەشێوەی ئۆنلاین پێشکێش بکەن، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خزمەتی خۆبەخشی و ئەزموونی کارکردنیان بەشێک دەبێت لەو خاڵبەندییە.
 
محەممەد عەلی گوتیشی، ناو تۆمارکردن بۆ دامەزراندنی ئەو 100 کەسە لە رۆژی 6ـی ئابەوە دەستیپێکردووە و بۆماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتا تاوەکو 16ـی ئەم مانگە.
 
لەبارەی پێویستییەکانی کەرتی تەندروستی بە کارمەند و سەرچاوەی مرۆیی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتیشی، "کەرتی تەندروستیی سلێمانی پێویستی بە 26 هەزار کەسە، بەڵام نزیکەی 13 هەزار و 400 کارمەندیان هەیە. لەو ژمارەیەش نزیکەی 280 کارمەندی تەندروستی نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە و 320 کارمەندیش خاوەن پێداویستی تایبەتن و نزیکەی هەزار کارمەندیش نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە."