ڤێتێرنەری: 2.7 ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخانکراوە

08-07-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن تای خوێنبەربوون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 40 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بوون. دەشڵێت حکومەت دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناری بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکردووە.
 
رابەر محەممەد سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (شەممە 8-7-2023) بە رادیۆی رووداوی گوت "تائێستا لە هەرێمی کوردستان 40 تووشبووی تای خوێنبەربوومان هەبوون و 5 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ بەشێک لەوانەی تووش بوون، چارەسەرکراون و نێردراونەتەوە ماڵەوە".
 
هۆکاری تای خوێنبەربوون گەنەیە، کە مێروویەکی مشەخۆرە و دەبێتە هۆی تووشبوونی ئاژەڵ، بەڵام ئاژەڵەکە هیچ نیشانەیەکی تووشبوونی تێدا دەرناکەوێت، مرۆڤ بەهۆی بەرکەوتنی بە خوێنی پیسبووی ئاژەڵەکەوە تووشی تای خوێنبەربوون دەبێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی "هەموو هەوڵێکمان داوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی خۆمانەوە لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکان ئەو دەرمانەی هەمانن، بەکاریان بهێنین بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان لێیە".
 
رابەر محەممەد ئاماژەی بەوەدا ئێستا لیژنەیەکی باڵایان هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ و تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نزیکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە، تاوەکو بەزوویی دەرمان دابینبکرێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە دەستکەوتنی ئەو دەرمانانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون پێویستن، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو بڕە دەرمانەی پێویستمانە لەبازاڕدا نییە تاوەکو راستەوخۆ بیکڕین. ئێستا کۆمپانیایەک دەرمانەکانی دابینکردووە و بۆ زۆربەی شوێنەکان نێردراوە، ئەوەش لەسەر بنچینەی لەپێشێتی و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ناوچەکان، تائێستا دەرمانمان بۆ سلێمانی نەناردووە، چونکە تووشبوو نەبوون، (6ـی 7ـی 2023 تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە تۆمار کرا) بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوو دەرمانی قڕکەر بۆ سنووری سلێمانی دەنێرین".
 
رابەر محەممەد، لەبارەی رێکارەکانی دابەشکردنی دەرمان و پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان لەرێگەی هۆبەکانی ڤێتێرنەری لە قەزا و ناحیەکان، دەزانن لە کوێ ئاژەڵ هەیە و تیمەکانیان دەچنە ئەو شوێنانە و لە هەموو گوندەکان چاودێری شووشتنەوەی ئاژەڵان دەکەن، چونکە دەرمان نادەنە خاوەن ئاژەڵەکان "نەوەک کەمتەرخەمی بکەن"، بۆیە تیمەکانی خۆیان ئەو کارە دەکەن.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری، جگە لە دەرمانی شووشتنەوەی ئاژەڵ، دەرزییەکی دیکەش پێویستە بۆ ئەوەی ئاژەڵانی پێ بکوترێت و دەڵێت: "ئێستا بڕێکی زۆر لەو دەرزییەمان هەیە، ئەوەی لە سنووری باشووری عیراقیش هەبووە، هەوڵمانداوە بیکڕینەوە".
 
سەبارەت بە ناردنی دەرمانیش لەلایەن عێراقەوە، رابەر محەممەد گوتی "تائێستا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هیچ دەرمانێکی بۆ نەناردووین و هاوکار نین، ئەوان لە پرسی دیکەش کێشەمان بۆ دروست دەکەن و هەندێکجار تۆمەتباریشمان دەکەن و دەڵێن ئەو نەخۆشییە لای ئێوەوە دێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. فاتن خالید، پسپۆڕی ژینگە - دیمەنێکی هەوای پیسبوونی شارێکی کوردستان.

پسپۆڕێکی ژینگە: سەوزایی زیادبکەن، بۆ ئەوەی هەوا پاک ببێتەوە

پسپۆڕێکی ژینگە و گۆڕانەکانی کەشوهەوا رایدەگەیێنێت، 75٪ـی پیسبوونی هەوای شارەکان بۆ سووتانی پاشماوەی زیانبەخشی ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێتەوە کە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و ژینگە هەیە.