زانکۆی باشووری ئوسترالیا: دەکرێت کۆرۆنا هەستەوەرەکانی بیستن تێکبدات

رووداو - تەندروستی 

کیم گیبسۆن، پەرستارێکی زانکۆی باشووری ئوسترالیایە و دوای پێنج هەفتە لە تووشبوونی بە کۆڤید-19، هەستی بە سەرسووڕان کردووە و لەناکاو هەستی بیستنی لەدەستداوە.
 
کیم گیبسۆن دەڵێت: ''لەخەو هەڵسام و نەمدەتوانی بەپێوە رابوەستم، هەستم دەکرد لەنێو بەلەمێکدام، من هیچ بیرۆکەیەکم نەبوو کە کۆڤید-19دەتوانێت هەستی بیستنت لەدەستبدات.''
 
بەگوێرەی دەستەی پزیشکانی زانکۆی باشووری ئوسترالیا، کیم تووشیی دۆخێک بووە بە ناوی لەدەستدانی هەستەوەرە دەمارییەکانی بیستن، کە دەمارەکانی نێوان گوێی ناوەوە و مێشک تێکدەچن و کەسی تووشبوو بۆ هەمیشە هەستی بیستنی لەدەستدەدات، تاکە چارەسەریش تەنیا بەکارهێنانی ئامێری بیستۆکە. 
 
پسپۆڕێکی زانکۆکە دۆخی پەرستارەکە بە دەگمەن دادەنێت لە تووشبووانی کۆڤید-19 و رایدەگەیێنێت، ناڕێکیی مێشک و بێهێزی دەشێت کاریگەرییە بەردەوامەکانی کۆڤید-19 بن، بەڵام لەدەستدانی بیستن کەمتر باوە.
 
ئەزموونی کیم گیبسۆن لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، ئەوانەی کە بە لاوازیش تووشی کۆرۆنا دەبن، دەکرێت بە یەکجاری هەستی بیستن لەدەست بدەن.