لە ساڵی 2020 لەماوەی کۆرۆنا زۆرترین کەس بەهۆی مەی خواردنەوە مردوون



رووداو- هەولێر 

لە ساڵی 2020 لەماوەی کۆرۆنا زۆرترین رێژەی مردن بەهۆی مەی خواردنەوە تۆمارکراون کە زیاتر بووە لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی هەمان هۆکار. 


ئۆفیسی داتا نیشتمانییەکان لە بەریتانیا بەدواداچوونی بۆ رێژەی مردن و خواردنەوەی مەی لەماوەی کۆرۆنا کردووە، بۆی دەرکەتووە لە ساڵی 2020 زۆرترین رێژەی مردن بە بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو تۆمارکراون، کە تەنانەت بە ساڵی 2019 رێژەکە 20٪ زیاترە. 

داتاکان دەریانخستووە لە ساڵی 2020 زیاتر لە 7400 کەس بەهۆی زیانەکانی مەی خواردنەوە مردوون، کە لە ساڵی 2019 مردن بە هەمان هۆکار 6209 کەس بووە و لانیکەم لەماوەی ساڵێكدا ژمارەکە 1200 کەس زیادیکردووە. 

بەگوێرەی داتاکان لە ساڵی 2001 تاوەکو 2020 رێژەی مردنەکان بەهۆی خواردنەوەی مەی تۆمارکراون، کە لە ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە زۆرترین بڕی خواردنەوە هەبووە و زۆرترین رێژەی مردن تۆمارکراون.