پسپۆڕێکی خانمان: بەداخەوە لە سۆشیاڵ میدیاکان هانی خانمان دەدرێت بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، سۆشیاڵ میدیاکان و کەمیی هۆشیاریی تەندروستی هۆکاری سەرەکین بۆ پەنابردنە بەر نەشتەرگەریی منداڵبوون.
 
د. تاڤان فاتیح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، هەڵەتێگەیشتن لە منداڵبوونی سرووشتی وادەکات خانمان زیاتر پەنا ببەنە بەر نەشتەرگەریی منداڵبوون، لەم حاڵەتانەی خوارەوەش، بە راوێژی پزیشکی نەشتەرگەریی منداڵبوون دەکرێت؛
 
- ئەگەر کۆرپەلەکە سەربەرەوخوار هاتبێتە خوارەوە.
- ئەوانەی بۆ منداڵبوونی سرووشتی هاتوون و دایکەکە یاخود منداڵەکەی دۆخیان خراپ دەبێت.
- کاتێک خانمە دووگیانەکە تووشی نەخۆشییەکانی وەکو 'بەرزەپەستانی خوێن، ئاوسان، زەردوویی و کەمبوونەوەی خوێن' دەبێت.
 
د. تاڤان فاتیح روونی دەکاتەوە، بەشێک لە سۆشیاڵ میدیاکان هانی خانمان دەدەن کە بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت، ئەویش بە رێکلامکردن بۆ خزمەتگوزارییەکانیان و خۆشەویستکردنی نەشتەرگەرییەکە.
 
د. شلێر فایەق، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون ئەوەی بە رووداو گوتووە کە ئەگەر منداڵی یەکەم بە نەشتەرگەریی لەدایکببێت، ئەوا هەلی منداڵبوون بە سرووشتی بۆ دووەم منداڵ 50٪ کەمدەبێتەوە و بۆ منداڵی سێیەمیش دەبێت 100٪ بە نەشتەرگەری ببێت و هیچ هەلێک نامێنێتەوە بۆ منداڵبوون بە سرووشتی.
 
بەدواداچوونێکی رووداو: لە هەرێمی کوردستان رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون 57٪ـە.