فەرەنسا پلانی سزادانی ئەو کەسانەی هەیە کە ناچنە چاوپێکەوتنە پزیشکییەکان

08-04-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا پلانێکی بۆ سزادانی ئەو کەسانەی ناچنە چاوپێکەوتنە پزیشکییەکانەوە بە بڕی پێنج دۆلار و پەنجا سەنت داناوە و دەیدەنە پەرلەمان؛ ''ئەمە دەتوانێت نزیکەی 15 بۆ 20 ملیۆن دەرفەتی راوێژی پزیشکی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکە بڕەخسێنێت''.
 
گابرێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەمیی ژمارەی پزیشکانەوە و زۆریی گوشاری سەر نەخۆشخانەکان پلانێکیان بۆ سزادانی ئەو کەسانە هەیە کە ناچنە چاوپێکەوتنە پزیشکییەکان، بەجۆرێک بۆ هەر نەچوونێک پێنج دۆلار و پەنجا سەنت نەخۆشەکە سزادەدرێت. ئەمە ئەگەر کەسەکە پێش 24 کاژێر لە چاوپێکەوتنەکە پزیشکەکەی ئاگادارنەکاتەوە و هۆکارێکی گونجاویش بۆ ئەوە هەبێت. 
 
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، ناتوانن رێگە بەوە بدەن کە خەڵک نۆرە بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی بگرن و لە کاتی خۆشیدا بەبێ هۆیەکی گونجاو نەچن. هەروەها دەڵێت: ''ئەم هەنگاوە 15 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن دەرفەتی چاوپێکەوتنی پزیشکی بۆ نەخۆشانی وڵاتەکەی دەڕەخسێنێت و گوشاری بینینی نەخۆشیش کەمدەکاتەوە''.
 
بەگوێرەی سەندیکای پزیشکانی فەرەنسا، ساڵانە نزیکەی 27 ملیۆن چاوپێکەوتنی پزیشکی بەهۆی نەچوونی نەخۆش و ئاگادارنەکردنەوەی پزیشک دەفەوتێن.
 
بەگوێرەی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ئەو پلانەیان بۆ پەرلەمان دەنێرن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و دەیانەوێت لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە جێبەجێی بکەن.
 
بەشێکی دیکەی پلانەکەی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بۆ کەمیی ژمارەی پزیشکانە بە زیادکردنی ئەو خوێندکارانەی دەچنە قۆناخی دووەمی پزیشکی. بەگوێرەی پلانەکە، بۆ ساڵی 2025 ژمارەیان لە 10 خوێندکارەوە بۆ 12 هەزار زیاددەکات و بۆ ساڵی 2027یش ژمارەکە دەگەیێننە 16 هەزار خوێندکار.
 
خوێندنی پزیشکی بە یەکێک لە بەشە قورسەکانی سیستمی خوێندنی فەرەنسا دادەندرێت؛ ساڵانەش دوای تەواوکردنی قۆناخی یەکەمی خوێندن، یەک لەسەر سێی خوێندکاران بەشەکەیان دەگۆڕن.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، فەرەنسا 216 هەزار پزیشک و ستافی پزیشکی بۆ 69 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە هەیە.
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، هەبوونی پێنج پزیشک و ستافی پزیشکی بۆ هەر دوو هەزار کەسێک ستانداردە، بەڵام هەرچەندە لە فەرەنسا بۆ هەر دوو هەزار کەسێک شەش پزیشک هەیە، بەڵام زۆریی رێژەی بەساڵاچووانی وڵاتەکە وایکردووە پێویستیان بە پزیشکی زیاتر بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە