زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا: هێلکە ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێن بەرزناکاتەوە

08-02-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێلکە خۆراکێکی دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و مادە خۆراکییەکان، هاوکات تەندروستیی دڵ دەپارێزێت.

توێژەرانی زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا دەریدەخەن، هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان، پڕۆتین و کۆلیستڕۆڵ، هاوکات دەریدەخەن کە هێلکە کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیستڕۆڵی خوێن نییە و تەنانەت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
 
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی دوو هەزار و 300 کەس بەکارهات کە هەفتانە پێنج هێلکە یاخود زیاتریان دەخوارد، دەرکەوت ئەوانەی هێلکەیان دەخوارد پەستان و رێژەی شەکری خوێنیان بەراورد بەوانەی هێلەکەیان نەدەخوارد کەمتر دەبووەوە.
 
د. مالیکا مارشاڵ، پسپۆڕی تەندروستیی گشتیی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''بوونی هێلکە لە ژەمی خۆراکیدا ئاماژەیە بۆ ژەمێکی تەندروست، هەروەها پێویستە لەژەمی بەیانیدا هێلکەی کوڵاو بخورێت.'' 
 
لە کۆتایدا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایدەگەیێنێت، هێلکەی سوورەوەکراو مادە خۆراکییەکانی لەدەستدەدات، هاوکات رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە هێلکە بکوڵێنن نەوەکو سووری بکەنەوە، چونکە لەکاتی کوڵاندنی هێلکە سەرجەم پێکهاتە سوودبەخشەکانی نێوی بە پارێزراوی دەمێننەوە.
 
بەگوێرەی دامەزراوەی کشتوکاڵی ئەمریکی، هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین، کانزاکان، پڕۆتین و چەوری کە بۆ تەندروستیی جەستە پێویستن، هەروەها دامەزراوەکە ئاشکرای دەکات، هێلکە بەکوڵاوی سوودی زیاترە و دەشێت چەند سوودێک بە جەستە بگەیێنێت وەکو 'بەهێزکردنی مێشک و ئێسک، پاراستنی تەندروستیی کۆرپەلە و پێشگیریکردن لە دابەزینی ئاستی خوێن'، تەنانەت پێست بە گەشاوەیی و تەندروست دەهێڵێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە