بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە: ساڵی رابردوو 394 پشکنینی مامۆگرافی کراون

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو لەکۆی ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمک، نزیکەی 20 بۆ 30 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشانکراون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2025 کاروان محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە بە رووداوی راگەیاند، ساڵی 2024 لە سەنتەرەکە 394 پشکنینی مامۆگرافی کراون کە بەشێکی زۆری خانمان بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستییان پشکنینەکەیان کردووە.
 
کاروان محەممەد نەیشاردەوە کە ئامارێکی وردی تووشبووانی شێرپەنجەیان لەلا نییە، چونکە لای ئەوان شێرپەنجە دەستنیشانناکرێت، بەڵکو هەر خانمێک لەکاتی پشکنینەکان گومانی نەخۆشییەکەی هەبێت، رەوانەی هەولێر و سلێمانی دەکرێت.
 
ئەو روونی دەکاتەوە، ''لە سەنتەرەکە کارمەند و پێداویستیی گونجاو نین بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، هەر بۆیە نەخۆشەکان خۆیان دەچنە هەولێر و سلێمانی بۆ دەستنیشانکردنی یەکلاکەرەوەی شێرپەنجەکە و وەرگرتنی چارەسەرەکان''.
 
کاروان محەممەد دەڵێت: زۆرینەی ئەوانەی پشکنینی پێشوەختە دەکەن، سەروو 40 ساڵانن و ئەوانەن کە هەستیان بە گرێی بچووک کردووە لە مەمکیان یاخود ئەوانەن کە لە ماڵباتەکەیان تووشبووی شێرپەنجە مەمک هەیە.