پسپۆڕێکی دڵ لە کەنەدا کاریگەریی دووگیانبوون لەسەر لێدانی دڵ رووندەکاتەوە

رووداو – تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی ئێم سی ماستەر لە کەنەدا هۆکاری ناڕێکی لێدانی دڵی خانمانی دووگیان باسدەکات و رایدەگەیێنێت، زۆرکات خێرایی لێدانی دڵی خانمانی دووگیان ئاساییە و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات. 
 
دکتۆر سۆنیا ئاناندم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە زانکۆی ئێم سی ماستەر لە کەنەدا، هۆکارە فیسیۆلۆژییەکان بۆ خێرالێدانی دڵ لەماوەی دووگیانیدا باسدەکات و دەڵێت: ''هەر لە سەرەتای دروستبوونی کۆرپە لە مانگەکانی سەرەتا و بەتایبەت لە چارەکی سێیەمی دووگیانیدا، خوێنبەرەکانی جەستە بۆ جێگیرکردنی قەبارەی خوێن، ناردنی خۆراک و ئۆکسجین بۆ کۆرپە فراوان دەبن.''
 
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی پاریس سیتی لە فەڕەنسا دەرکەوتووە، لە چارەکی سێیەمی دووگیانیدا نزیکەی 20٪ـی خوێن بەرەو سکی دایک پاڵدەنرێت، ئەمەش دڵ هاندەدات بۆ پاڵنانی خوێنی زیاتر بە مەبەستی ناردنی خۆراک بۆ کۆرپە، سەرئەنجام لێدانی دڵ خێراتر دەبێت، بەجۆرێک دەگاتە 120 لێدان لە خولەکێکدا.
 
کۆمەڵەی پزیشکانی خانمان و منداڵبوون لە سوێد رایدەگەیێنێت، بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستیی دڵ لەماوەی دووگیانیدا پێویستە خانمان مەرجەکانی وەکو 'خەوی تەندروست، خۆراکی دەوڵەمەند بە مادە خۆراکییەکان، کێشڕێکی، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و دوانەخستنی کاتی سەردانکردنی پزیشک' جێبەجێبکەن.