چارەسەرکارێکی دەروونی: تووندیی نیشانەکانی ئۆتیزم و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی تووشبووەکان جیاوازە

08-01-2023
شکار رێبوار
بەڕێز عەبدوڵڵا، چارەسەرکاری دەروونی. وێنە: رووداو
بەڕێز عەبدوڵڵا، چارەسەرکاری دەروونی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

چارەسەرکارێکی دەروونی و راهێنەری تووشبووانی ئۆتیزم چەند رێگەیەکی چارەسەر بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانی تووشبووانی ئۆتیزم دەخاتەڕوو و دەڵێت: ''قۆناخی زێڕین بۆ کاریگەریی چارەسەرە رەفتارییەکانی تووشبووان، تەمەنی دوو تاوەکو پێنج ساڵییە.''
 
لەکاتی بەشداریکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا، چارەسەرکاری دەروونی لە بوولتەنەکانی نووڕۆژدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ئامارێکی وردی ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم لە کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە زۆربووندایە، هەروەها هۆیەکەشی بۆ پۆلێنکردنی نەخۆشیی دیکە لەژێر ناوی ئۆتیزم، پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا دەگەڕێنێتەوە. 
 
بەڕێز عەبدوڵڵا روونیدەکاتەوە، دەرکەوتن و تووندی نیشانەکان لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاوازە، ئەمەش وادەکات رێگەکانی چارەسەر لە تووشبوواندا جیاوازبێت. 
 
دکتۆرەکە ئاماژە بە دوو نیشانەی سەرەکیی بۆ ناسینەوەی ئۆتیزم دەکات و دەڵێت: ''تووشبووی ئۆتیزم توانای چاوەڕێکردن و تێکەڵاونەبوونی نییە یاخود هەستیارن بە دەنگی بەرز و رووناکی، لەگەڵیشیدا جووڵەی زۆریان هەیە.'' 
 
لەبارەی ئاستەکانی ئۆتیزم چارەسەرکارە دەروونییەکە دەڵێت: ئۆتیزم بۆ سێ ئاستی جیاواز دابەشدەکرێت؛ سەرەتایی، مامناوەند و ئاستی سێیەم، کە زۆرینەی ئەو بلیمەت و کەسایەتییە بەنێوبانگانەی جیهان تووشبووی ئاستی سەرەتایی ئۆتیزم بوون. 
 
دکتۆر بەڕێز وەکو چارەسەرکارێکی دەروونی و راهێنەری تووشبووانی ئۆتیزم، رێنوێنی بە دایک و باوکان دەدات و دەڵێت: دایک و باوک 80٪ رۆڵیان لە باشترکردنی شێوازی ژیان وەکو چارەسەر بۆ منداڵی تووشبوو هەیە، هەروەها دەشڵێت: منداڵەکانیان دووربخەنەوە لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و شاشەکان، چونکە گرفتەکەیان تووندتر دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە