رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ ئاشکرای دەکات، ئەوانەی تووشی ژەهراویبوون بوون، هیچ یەکێکیان بۆ چارەسەر نەنێردراونەتە شارەکانی دیکە و هەموویان لە نەخۆشخانەکە چارەسەریان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-11-2024 د. سارا عومەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە شارەزوور تایبەت بە رووداوی راگەیاند، لە دوێنێوە زیاتر لە هەزار و 300 کەس بەهۆی ژەهراویبوون هاتوونەتە نەخۆشخانەکەیان و بەشێکی زۆریان تەنیا بە وەرگرتنی ژیناو و رێنوێنیکردن رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
د. سارا عومەر دەڵێت: ''ئەمڕۆ هەموو لایەنە بەرپرسەکانی شارەزوور و سلێمانی کۆبوونەوە و پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوەی ئەو گەڕەکانە کرا کە دانیشتووانەکانیان ژەهراویبووبوون''.
دەشڵێت، هاونیشتمانییانی ئەو گەڕەکانەی ژەهراویبوون پێویستە لەم ماوەیە پشت بە ئاوی بتڵ و کانزایی ببەستن و هەمیشەش دەستیان بشۆن.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گرنگترین رێگەکانی خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە ئەمانەن؛
1- خواردنی ئاوی پاکژکراو بە کلۆر، کوڵاو یان ئاوی کانزایی
2- شووشتنی بەردەوامی دەستەکان
3- نەخواردنی خۆراکی سەرشەقامەکان و خواردنێک کە سەرچاوەکەی دیار نەبێت
4- باش کوڵاندنی گۆشت و شووشتنەوەی سەوزە و میوە بە خوێیاو
کاتێک نەخۆش ئەم نیشانانەی هەبوو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکات؛
- هەستکردن بە تینویێتی و وشکبوونی دەم و لێو
- هەستکردن بە شەکەتی و داهێزران
- هەستکردن بە سەرسووڕان، بەتایبەت لەکاتی هەستانەوە
- تۆخبوونی رەنگی میز
چۆن لە ماڵەوە مامەڵە لەگەڵ سکچوون دەکرێت؟
1- خواردنەوەی شلەمەنی و ئاوی زۆر
2- نەخواردنی خواردنەوە گازییەکان، چا و قاوە
3- وەرگرتنی پشوو
4- خواردنەوەی گیراوەی ژیناو ORS لە دوای هەموو سکچوونێک پەرداخێکی لێبخورێتەوە
ئەگەر گیراوەکە بەردەست نەبوو دەتوانیت بەم شێوەیە خۆت دروستی بکەیت؛
- شەش کەوچکی چا شەکر
- نیو کەوچکی چا خوێ
- یەک لیتر ئاو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ