رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە دووهێندە زیادبووە و 'پشکنینی پێشوەختە' کاریگەرترین رێگەی پێشگیرییە لە شێرپەنجە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-11-2024 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، لە 2023، سێ هەزار و 356 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا سێ هەزار و 151 تووشبووی نوێ هەبوون.
بە گوتەی د. یاد نەقشبەندی، گۆڕانکارییەکی زۆر لە رێژەی تووشبووانی شێرپەنجەدا نەبووە و بەشێکی زۆری ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن خەڵکانی خوارووی عێراقن، هەر بۆیە دەڵێت: ''زۆرجار وا باسدەکرێت کە سلێمانی بووە بە چەقی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام ئەوە دوورە لە راستییەوە، چونکە ئامارەکانمان تەنیا هی خەڵکی نێو سلێمانی نین و خەڵکانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی تێدایە''.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین رێکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، بریتییە لە 'پشکنینی پێشوەختە'، جەختی لەوەشکردەوە کە ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو دووهێندە بووە.
لەبارەی کێشەی بچووکیی بینای نەخۆشخانەی هیوا گوتی، بەهۆی ئەو کێشەیەوە زۆرجار نەیانتوانیوە نەخۆش لە هەمان رۆژ چارەسەربکەن و چارەسەرەکەیان دواخستووە بۆ رۆژی دواتر، تەنانەت گوتیشی، ''دەبوایە بەردی بناخەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە پێش دانانی بەردی بناخەی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی لە هەولێر دانرابایە و دەبێت رێز لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سندووق بگیرێت''.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە کوردستان لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێک، کەسێک تووشی شێرپەنجە دەبێت {لێرەوە بیبینە}.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ