رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەریی وەزارەتی ژینگەی عێراق رایدەگەیێنێت، سەتان جۆر مادەی قڕکەر لە بازاڕەکانی عێراق دا هەن و بەشێکیشیان بە نایاسایی هاوردەکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-10-2024 د. نەجلا وائیلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەریی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، چەندین جۆر مادەی قڕکەری قاچاخ هەن کە نرخەکانیان هەرزانن و بەرواری بەسەرچوونیشیان درێژە، بۆیە لەلایەن جووتیارانەوە زیاتر بەکاردێن.
د. نەجلا وائیلی دەڵێت: ''هەر قڕکەرێک، مادەیەکی چالاکی مەترسیداری تێدایە''، هەر بۆیە بەرکەوتن بە هیچ قڕکەرێک سەلامەت نییە و ''دەشێت کێشەی تەندروستی دروستبکات''.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. نەجلا گوتی، داوا لە خەڵک دەکەین بە زانستییانە مادە کیمیایی و قڕکەرەکان بەکاربهێنن و بەپێی ئەو بڕە دیاریکراوەی لەسەر رووی بەرهەمەکە نووسراوە، بەکاریبهێنن.
لە بەدواداچوونێکی رووداودا دەرکەوت، نزیکەی 300 جۆر مادەی قڕکەر لە بازاڕەکانی دهۆک دا هەن و ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش دەڵێت: ''پێویستە بە وردی چاودێریی رژاندنی مادە قڕکەرەکان بکرێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ