تەندروستیی غەززە: لە ساڵێکدا 310 کارمەندمان کوژراون

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ساڵێک بەسەر بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت و تەندروستیی غەززە دەڵێت، 310 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 242 بنکەی تەندروستیش کراونەتە ئامانج.
 
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ئاشکرای دەکات، ''بەهۆی گەمارۆکان لەسەر دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و بێبەشکردنی دانیشتووانی کەرتەکە لە ئاوی خاوێن، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییە گوازراوەکان سێ ئەوەندە زیادبووە''.
 
د. ماهیر شامیە، یاریدەدەری وەزیری تەندروستیی غەززە دەڵێت: ''ئامانجە سەرەکییەکان لەسەر داڕمان و لاوازکردنی کەرتی تەندروستی بوو، بۆ ئەوەی دانیشتووان کۆچبکەن بۆ ناوچەکانی دیکە''.
 
د. ماهیر شامیە ئاماژەی بەوەشکرد، 70٪ـی کۆگەکانی دەرمانە حکومییەکان بەتەواوی سووتاون و لەکۆی 200 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، 131ـیان لەنێوچوون.
 
بەشێک لە زیانەکانی ساڵێک جەنگی ئیسرائیل و حەماس لەسەر تەندروستیی غەززە؛
 
310 کارمەندی تەندروستی کوژراون
242 بنکەی تەندروستی کراونەتە ئامانج
131 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن کراونەتە ئامانج
34 نەخۆشخانە لەکارخراون
 
ئەمانەی خوارەوە لە مەترسیدان؛ 
 
350 هەزار تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەهۆی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی دەرمان بۆ غەززە.
10 هەزار تووشبووی شێرپەنجە دەرمانیان پێویستە.
60 هەزار خانمی دووگیان دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات.
3 هەزار نەخۆش چاوەڕێی ناردنەدەرەوەیان لە غەززە دەکەن بۆ چارەسەر.
12 هەزار بریندار کە دەبێت لە دەرەوەی غەززە چارەسەربکرێن.
 
جگە لەمانەش چەندین جۆر نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ ''چارەسەر ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە"، هەروەها لە غەززە نەخۆشییەکانی پێست بە تووندی بڵاوبوونەتەوە و بەهۆی نەبوونی ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجی منداڵان، یەکەم تووشبووی نەخۆشییەکە لەو کەرتە تۆمارکرا.
 
چەکدارانی حەماس 7-10-2023 هێرشیان کردە سەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کەرتی غەززە و باشووری ئیسرائیل، دوای ساڵێکیش لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل دەڵێ 60٪ـی چەکدارانی گرووپەکەی کوشتووە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 870 کەس کوژراون، 97 هەزار و 166 کەسیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە 2 ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە