CDC: ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا مەترسیی خەواندن لە نەخۆشخانە کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC رایدەگەیێنێت، ساڵانە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا دەبێتە هۆی خەواندنی هەزاران کەس لە نەخۆشخانەکان، کوتان ئەم مەترسییە کەمدەکاتەوە. 
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا مەترسیی خەواندن لە نەخۆشخانە بەڕێژەی 35% دادەبەزێنێت، هەروەها ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەی تووند و گیانلەدەستدان لە تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان کەمدەکاتەوە. 
 
ئیریکا زینۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی کوتان و نەخۆشییە گوازراوەکان لە CDC دەڵێت، ''بۆ خۆپاراستن لە وەرزی سەرما پێویستە لە دوای تەمەنی شەش مانگی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگیرێت". 
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، ساڵانە لە سەرانسەری ئەمریکا زیاتر لە 71 هەزار هاووڵاتی بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە گیانلەدەستدەدەن.