یاداشتنامەی لێکتێکگەیشتن لەنێوان رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و پلاتفۆرمی تیکتۆک واژوودەکرێت

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، لەگەڵ پلاتفۆرمی تیکتۆک هاوئاهەنگی دەکرێت کە پلاتفۆرمەکە تەنیا رێگە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی تەندروستیی متمانەپێکراو بدات.
 
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئامانج لەم هاوئاهانگییە گەیاندنی زانیاریی تەندروستیی متمانەپێکراو و زانستییە بە خەڵک بە مەبەستی بەرەوپێشخستنی هۆشیاری تاک و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواریی تەندروستی. 
 
 دکتۆر جێرمی فارار، سەرۆکی زانایانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "بە کارکردن لەگەڵ تیکتۆک و پلاتفۆرمەکانی دیکە، یارمەتی خەڵک دەدەین دەستیان بە زانیاری باوەڕپێکراو بگات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە داڕشتنی داهاتوویەکی تەندروستتر بۆ هەمووان''. 
 
بەگوێرەی WHO، پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەتوانن سەرچاوەی گرنگبن بۆ زانیاری کە کاریگەرییان لەسەر رەفتار و بڕیارەکانی پەیوەست بە تەندروستی هەبێت بەجۆرێک، لە هەر چوار بەکارهێنەر یەکێکیان چالاکانە بەدوای ناوەڕۆکی هەواڵەکاندا دەگەڕێت.