بەرپرسی بەشی کوتان لە هەولێر: 41 هەزار قورچکی ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزامان پێگەیشتووە

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسی بەشی کوتان لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بە تەواوی سەلامەتە و دوای چەند پشکنینێکی ورد، ئینجا بڕیاری بەکارهێنانی دراوە، هەر بۆیە پێشنیازدەکات، لەم وەرزە بایەخ بە کوتان دژی نەخۆشییەکە بدرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. بێریوان ولیا، بەرپرسی بەشی کوتان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، 41 هەزار قورچکی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بۆ پارێزگای هەولێر و دەوروبەری لەبەردەستن و لە منداڵانی سەروو شەش مانگییەوە تاوەکو بەساڵاچووانی سەروو 65 ساڵان بەکاردێت.
 
د. بێریوان ولیا، بەرپرسی بەشی کوتان ئاماژە بە چەند گرووپێکی مەترسیدار دەکات کە دەشێت ئەنفلەوەنزا بە تووندی بگرن وەکو؛
 
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەوانەی تەمەنیان خوار پێنج ساڵە
- کەسانی بەساڵاچوو
- خانمانی دووگیان
- کارمەندانی تەندروستی
 
هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە ئەو گرووپانەی سەرەوە ساڵانە ڤاکسینی دژ بە ئەنفلەوەنزا لە نزیکترین بنکەی تەندروستی لێبدەن، تاوەکو مەترسیی نەخۆشییەکەیان لەسەر کەمببێتەوە.
 
لە بەشێک قسەکانیدا د. بێریوان ولیا گوتی، پێویستە ساڵانە ڤاکسینەکە لێبدرێتەوە، چونکە هەموو ساڵێک ڤاکسینی دروستکراوی نوێ پەیدادەبێت.
 
تەنانەت ئەوەش دەردەخات کە لە ماوەی هەفتەیەکی دابەشکردنی ڤاکسینەکە، زیاتر لە سێ هەزار کەس کوتراون.