توێژینەوەیەک: ریش جەستە لە 'میکرۆبەکان' و تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەپارێزێت

رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی 'ریش'ـە و توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ریش جەستەی مرۆڤ لە 'میکرۆبەکان' و تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەپارێزێت.
 
ریش بۆ زۆرێک لە پیاوان بووەتە شتێکی سەرەکیی مۆدە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە بابەتی گەرم، توێژینەوەیەکی زانکۆی یوتا لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، هێشتنەوەی ریش و سمێڵ رێگەیەکی گلدانەوەی میکرۆبەکانە تاوەکو نەچنە نێو جەستە و ببنەهۆی نەخۆشی.
 
ئیرێکا سامێرز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سکووڵی تەندروستیی زانکۆی یوتا دەڵێت: ریش ئەگەر بە خاوێنی رانەگیرێت، ئەوا هۆکار دەبێت بۆ سەرچاوەی چەندان نەخۆشی، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە لەگەڵ هەر خۆشۆردنێکدا شامپۆ و وشککەرەوەی بۆ بەکاربێت.
 
لەم بارەیەوە توێژینەوەیەکی زانکۆی کوینسلاند لە ئوسترالیا پشتڕاستی کردووەتەوە، ریش و سمێڵ پێستی روخسار لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەپارێزێت کە هۆکاری شێرپەنجەی پێستە.
 
هەر بۆیە پسپۆڕان بۆ ریشێکی خاوێن و سەلامەت، ئەم خاڵانە پێشنیازدەکەن؛
 
- بەکارهێنانی خاوێنکەرەوە وەکو سابوون و شامپۆ.
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی ریش و سمێڵ.
- تاشینی مووە زیادەکانی ریش.
- کورت کردنەوەی ریش.
- دوای هەر شۆردنێک، ریش وشکبکرێتەوە.
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.

لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا باسی سوودەکانی ریش دەکرێت.