پسپۆڕێک لە چەمچەماڵ: بنکە تەندروستییەکانمان لە هۆشیارکردنەوەی خانمان بۆ منداڵبوونی سرووشتی لاوازن

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی چەمچەماڵ ئاشكرای دەکات، بەشێکی زۆری ئەو خانمانەی نەشتەرگەریی منداڵبوونیان بۆ دەکرێت لە نەخۆشخانەی تایبەت منداڵی یەکەمیان بە نەشتەرگەری بووە و بەشێکیشیان تەمەنیان خوار 18 ساڵە. 
 
ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 د. کەژان حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی شەهید ئەندازیار هۆشەنگ ئازاد بۆ مناڵبوون لە چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، هەر خانمێک یەکەم نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ کرا، ئەوا بۆ منداڵبوونی دووەم 50٪ هەلی منداڵبوون بە سرووشتی لەدەستدەدات، ئەمەش وایکردووە نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون هەمیشە لەبەرزبوونەوەدا بن.
 
د. کەژان حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان لیژنەیەکی تۆکمە نییە بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون و بە خواستی دایک و باوکەکە نەشتەرگەرییەکان دەکرێن، دواتریش هەر ئەو خانمانە بۆ منداڵبوونی دووەم و سێیەمیان دێنەوە نەخۆشخانە حکومییەکان نەشتەرگەرییەکە دەکەن.
 
بە گوتەی د. کەژان حوسێن، لە نەخۆشخانەی حکومی لیژنە بڕیار لەسەر پێویستیی نەشتەرگەریی منداڵبوونی خانمەکە دەدات و تاوەکو زۆر پێویست نەبێت، نایکەن، بەڵام ئەو گوتیشی ''ئەگەر بزانن خانمەکە ئەگەری منداڵبوونی سرووشتی کەمە، ئەوا نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ دەکەن''.
 
لە قسەکانیدا ئاشکرای دەکات، بەشێکی ئەوانەی دەیانەوێت بە نەشتەرگەریی منداڵیان ببێت تەمەنیان بچووکە، بەجۆرێک 80٪ـی خانمانی دووگیانی خوار 20 ساڵان بەهۆی بچووکی تەمەنیانەوە و ترس لە ژانی منداڵبوونی سرووشتی، دەیانەوێت بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت، لەکاتێکدا ئەمە هەڵەیە و لە بنکە تەندروستییەکان بۆیان روون ناکرێتەوە.
 
تەنانەت دەشڵێت، ''هەر خانمێک لە تەمەنی 16 بۆ 20 ساڵان دووگیانببێت ئەوا ئەگەری منداڵبوون بە سرووشتی کەمدەبێتەوە''، هەر بۆیە پێشنیازدەکات؛ ''خانمان لە تەمەنێکی گونجاودا هاوسەرگیری بکەن یان هیچ نەبێت لە تەمەنێکی گونجاودا دووگیانببن''.
 
ئاماژە بەوەشدەکات، بنکە تەندروستییەکانی چەمچەماڵ لە ئاستی پێویست دا نین بۆ رێنوێنیکردنی خانمانی دووگیان بۆ روونکردنەوەی و هاندانیان بۆ  منداڵبوونی سرووشتی.

ئامارەکانی نەخۆشخانەکە
 
بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی چەمچەماڵ، ساڵی رابردوو 3736 مناڵ لە نەخۆشخانەکە لەدایکبوون کە 1670ـیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون، هاوکات لە هەشت مانگی ئەمساڵیشدا هەزار و 47 منداڵبوونی سرووشتی و هەزار و 168 نەشتەرگەریی خانمان و منداڵبوون کراون.
 
لێرەدا پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون باسدەکات؛