زانکۆی راش لە ئەمریکا: رووناکی زۆر لە شەودا ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زیاددەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی راش لە شیکاگۆ ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە لە شەودا زۆر رووناک دەکرێنەوە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاتر دەبێت.
 
توێژینەوەکە دەریدەخات، رووناکیی زۆری شەوانە بەهەمان شێوەی بەکارهێنانی کحول، نەخۆشی گورچیلە، خەمۆکی و قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە کەسانی 65 ساڵ و سەرووتر زیاددەکات.
 
دکتۆر رۆبن زوالە، توێژەری توێژینەوەکە دەڵێت، ''رووناکیی شەوانە بۆ کەسانی خوار 65 ساڵیش زیانی هەیە و ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زیاددەکات، پێویستە خەڵک خۆی بپارێزێت لە رووناکی زۆر لە شوێنی تاریک''. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، ئەلزەهایمەر نەخۆشیێکی لەبیرچوونەوەیە، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا هەن و شارەزایان پێشبینیدەکەن تاوەکو ساڵی 2050 ژمارەکە بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC ئەمانە هۆکارەکانی تووشبوونن بە لەبیرچوونەوە؛
 
- خواردنەوەی کحول
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- کەمیی ڤیتامین D
- شەکرە
- جەڵتە
- خەمۆکی و گۆشەگیری
- نەخۆشییەکانی دڵ 
- کەمیی چالاکیی جەستەیی