ویلایەتی مێزۆری ئەمریکا: تووشبووێکی ئەنفلوەنزای باڵندە تۆماردەکرێت بێ ئەوەی بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووبێت

رووداو - تەندروستی 

گوتەبێژی تەندروستیی ویلایەتی مێزۆری لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تووشبووێكی ئەنفلەوەنزای باڵندە تۆمارکرا سەرەڕای ئەوەی تووشبووەکە هیچ بەرکەوتەیێکی لەگەڵ مانگا شیردەرەکان یاخود ئاژەڵەکانی دیکەدا نەبووە. 
 
 د. لیزا کۆکس، گوتەبێژی تەندروستیی ئەم ویلایەتە ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسە پشکنینی ئەنفلوەنزای جۆری A بۆ کراو و دەرکەوتووە پۆزەتیڤە، دواتر لەلایەن ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC پشتڕاستکراوەتەوە کە نەخۆشەکە تووشبووی ئەنفلوەنزای باڵندەیە. 
 
د. لیزا کۆکس دەڵێت، ''ئەمە جێگەی پرسیارە کە چۆن کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە بووە لە کاتێکدا بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵ نەبووە، هەموو تووشبووەکانی پێشووتری ئەمریکا لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە لە دەوری مانگا و پەلەوەر کاریان کردووە''.
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، پشکنین بۆ کەسە نزیکەکانی ئەم تووشبووە کراوە و هیچیان پۆزەتیڤ نەبوون. 
 
بەپێی ئەم ناوەندە، لەوەتەی مانگی ئازارەوە ئەمە 14ـهەمین تووشبووی ئەنفلوەنزای باڵندەیە لە ئەمریکا هەروەها یەکەم تووشبووە لە ویلایەتی مێزۆری تۆمارکرابێت.