نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی: رێژەی نەزۆکی زۆر زیاد بووە


رووداو رادیۆ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئێستا لەو پارێزگایە رێژەی لەدایکبوون بە نەشتەرگەری زۆر لە ئاستی ستاندارد تێپەڕیوە و گەیشتووەتە 34٪.
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە سنوور مەجید، پێشکێشکاری رووداو پێشکێشی کرد باس لە زیادبوونی لەدایکبوونی منداڵی بلووری و لەدایکبوون بە نەشتەرگەری کرا کە هەریەکە لە دکتۆر شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی و؛ دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی تێیدا بەشدار بوون.
 
دکتۆر شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێستا رێژەی لەدایکبوون بە نەشتەرگەری زیاد بووە و ئافرەتان زیاتر دەیانەوێت بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت. بەپێی بنەماکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نابێت رێژەی لەدایکبوون بە نەشتەرگەری 25٪ زیاتر نەبێت، بەڵام ئێستا لە سلێمانی زۆر لەو ستانداردە تێپەڕیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 34٪. زۆربەی زۆری نەخۆشخانە تایبەتەکان هۆڵی منداڵبوونی سرووشتییان تێدا نییە و هەر بە نەشتەرگەری منداڵیان تێدا دەبێت."
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانییش گوتی: "لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەو هێلکە و تۆوەی لە منداڵداندا دادەنرێت نەپیتێنرێت، چەند دانەیەک دادەنرێت. کاتێکیش ژمارەی منداڵەکان لە سکدا زیاد بوون، نابەکام دەردەچن. لەبەر ئەوەی کۆئەندامی هەناسە و هەرسیان بەباشی پێنەگەیشتووە پێویستیان بەوەیە زۆر لە بەشی کۆرپەلە بمێننەوە. منداڵ هەبووە سێ مانگ لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی باسی لەوە کرد، لەدایکبوونی بلووری زیاد بووە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە لە سلێمانیدا سەنتەرەکانی منداڵی بلووری زیاد بوون. زۆر کەسیش کە دوای دوو-سێ ساڵێک لە شووکردن کە منداڵی نابێت، پەنا دەباتە بەر منداڵی بلووری. 
 
دکتۆر شلێر فایەق گوتی: "ئێستا نەزۆکییش زۆر زیاد بووە و خەڵکێکی زۆر نەزۆکن. نەزۆکی سەرەتایی و دوایی هەیە. سەرەتاییەکە ئەوە هەر منداڵیان نەبووە و دواییەکەیش ئەوەیە کە منداڵیان بووە، دواتر نایانبێتەوە. ئێستا هەردوو جۆرە زۆر بوون. بەشێک لەو کەسانەی کە منداڵیان نابێت هۆکارەکەی دەروونییە."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانییش گوتی: "ئێستا لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە یەک کاتدا توانای وەرگرتنی پەنجا منداڵمان بە ئۆکسجینەوە هەیە و بەشەکە زۆر باش و پێشکەوتووە، بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە چوار پەرستارمان هەیە سەرپەرشتیی ئەو منداڵانە دەکەن کە زۆر کەمە."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە زۆر پێویستیان بە کارمەندی نوێیە و ئەوانەیشی هەیانن زۆربەیان پیر بوون.