لە چیلی ڤاکسینی سینۆڤاک بۆ منداڵانی سەروو شەش ساڵ بەکاردەهێندرێت

رووداو- دیجیتاڵ


حکومەتی چیلی بەکارهێنانی ڤاکسینی سینۆڤاکی چینی بۆ منداڵانی سەروو شەش ساڵ پەسندکرد، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات لە ئەمریکای لاتین کە ڤاکسین بۆ منداڵانی سەروو شەش ساڵ بەکاربهێنێت.


دوای پەسندکردنی بڕیارەکە لەلایەن بەرپرسانی حکومەت، لە چیلی منداڵانی سەروو شەش ساڵ دەتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری سینۆڤاکی چینی وەربگرن.

بەرپرسانی تەندروستیی چیلی دەڵێن هەموو زانیارییەکیان پێگەیشتووە لەلایەن کۆمپانیای سینۆڤاک و بۆیان دەرکەوتووە ڤاکسینەکە سەلامەت و کاریگەرە، خۆشیان دەستیان بە توێژینەوەیەک کردووە لەبارەی کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەر چوار هەزار منداڵی 3 بۆ 17 ساڵ.

بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین ڤاکسینی کۆرۆنایان بۆ منداڵانی سەروو 12 ساڵ پەسندکردووە بەڵام چیلی دەبێتە یەکەم وڵات پێدانی ڤاکسین لە خوار 12 ساڵەوە پەسندبکات.