زۆر دانیشتن بۆ تووشبووانی شەکرە ئەم مەترسییە گەورەیەی هەیە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلۆمبیا لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو تووشبووانەی نەخۆشیی شەکرە کە کەمجوڵەن و وەرزش ناکەن مەترسیی مردنی لەناکاویان بەڕێژەی 73٪ بەرزدەبێتەوە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تووشبووانی شەکرە دەبێت هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزشی مامناوەند بۆ بەهێز ئەنجامبدەن و زۆر دانیشتن ئەگەری گیانلەدەستدان لە تووشبووانی شەکرە زیاددەکات.
 
دکتۆر ساندرا ئەلبرێخت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر گرفتی رۆیشتنی خوێن بۆ بەشی خوارەوەی لەش دروستدەکات و دەبێتە هۆی روودانی خوێنمەین، ئەم خوێنمەینەش دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک''.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی شەکرە لە ئەمریکا 'کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، وەرزشکردن، کێشرێكی، رێکخستنی کاتی خەو و دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول' تووشبوون بە شەکرە کەمدەکەنەوە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کەسێکی پێگەیشتوو لە هەفتەیەکدا، پێویستی بە 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند بۆ وەرزشی چڕ هەیە.