راهێنەرێکی منداڵانی ئۆتیزم: بەرەوپێشبردنی پەیوەندیکردن سەرەکیترین راهێنانی منداڵانی ئۆتیزمە

07-08-2023
شکار رێبوار
منداڵێکی ئۆتیزم لەگەڵ راهێنەرەکەی. وێنە: children's hospital Los Angles
منداڵێکی ئۆتیزم لەگەڵ راهێنەرەکەی. وێنە: children's hospital Los Angles
نیشانەکردن ئۆتیزم
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

راهێنەرێکی منداڵانی ئۆتیزم لە فینلاند بە رووداوی راگەیاند، راهێنان بۆ باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵانی ئۆتیزم هەنگاوی سەرەکیی راهێنانەکانە. 
 
رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023 لە بوولتەنی تەندروستی، شەیما پاڵانی، راهێنەری منداڵانی ئۆتیزم لە فینلاند بە رووداوی راگەیاند، راهێنانی دروست و بەردەوام دەکرێت وا لە منداڵی ئۆتیزم بکات کە شێوازی ژیان و مامەڵەکردنی لەگەڵ دەروبەر باشترببێت. 
 
شەیما پاڵانی، راهێنەری منداڵانی ئۆتیزم لە ناوەندێکی ئۆتیزم لە فینلاند گوتی، ناڕێکیی لە پەیوەندییەکان باوترین نیشانە و کێشەی منداڵانی ئۆتیزمە، بەجۆرێک لە ناتوانن لەڕێگەی قسەکردنەوە کەسانی چواردەوریان تێبگەیێنن. 
 
ئەم راهێنەرەی منداڵانی ئۆتیزم دەڵێت: ''راهێنان بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندیکردن و فێربوونی قسەکردن سەرەکیترین راهێنانە''، هەروەها دەشڵێت: پێویستە سەرەتا رستەی کورتی رۆژانەیان فێربکرێت تاوەکو بتوانن دەوروبەریان تێبگەیەنن. 
 
هاوکات شەیما پاڵانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەر فێربوونێک ئامرازێک بەکاربێت، بەجۆرێک ئەگەر منداڵ کاتەکانی خۆراک خواردن فێرببێت، ئەوا پێویستە لەڕێگەی کەوچکەوە پێی بگوترێت، چونکە منداڵی ئۆتزیم لەڕێگەی ئامرازەکانەوە خێراتر تێدەگەن. 
 
شەیما پاڵانی گوتیشی، منداڵی ئۆتیزم دەتوانن بەهرەمەند بن و سوود لە زیرەکییان وەربگیرێت، بەڵام دەڵێت: ''پێویستە ژینگەی زانستی دیاریکراویان بۆ برەخسێندرێت تاوەکو بتوانن بەهرەکانیان لەو بوارەی کە ئارەزووی پێدەکات دەربخات''. 
 
بە گوێرەی ئەو ئامارەی دەست رووداو کەوتووە، لە هەرێمی کوردستان 3489 منداڵی ئۆتیزم هەن کە هەزار و 400ـیان لە هەولێر، هەزار و 214ـیان لە سلێمانی و 875 منداڵیش لە دهۆک تۆمارکراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە