قەتەر زۆرترین و فەرەنسا کەمترین منداڵی ئۆتیزمیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ ساڵی 2023 وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ریزبەندیی یەکەمی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین منداڵی ئۆتیزمیان تێدا لەدایکبووە و قەتەریش یەکەمی وڵاتانی جیهانە، کە لە هەر 10 هەزار منداڵێکی تازە لەدایکبووی، 151ـیان ئۆتیزمیان هەیە.
وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ریزبەندیی یەکەم تاوەکو دەیەمینی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین منداڵی ئۆتیزمیان تێدا لەدایکبووە، لە ریزبەندییەکەدا عێراق لە پلەی 20ـەمینە.
بەگوێرەی پزیشکانی پسپۆڕ، تاوەکو ئێستا هۆی سەرەکیی ئۆتیزم دیارنییە، بەڵام دەڵێن "بۆماوەییە." هەروەها هۆکاری ژینگەیی وەک بەرکەوتن بە ماددە ژەهراوییەکان لەماوەی دووگیانی، ئەگەری تووشبوونی کۆرپە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.
منداڵان، تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی ئەگەر هەیە نیشانەکانی ئۆتیزمیان لێ دەربکەوێت، منداڵانی ئۆتیزمیش زیاتر ئەوانەن کە زۆر سەیری ئامێرە ئەلیکترۆنی و زیرەکەکان دەکەن و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەپچڕێن.
لە درێژەی راپۆرتەکەی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، دەڵێ لەسەدا یەکی دانیشووانی جیهان، ئۆتیزمیان هەیە، کە دەکاتە زیاتر لە 75 ملیۆن کەس و لەساڵی 2022ـدا لە 100 منداڵ لە جیهاندا، یەکێکیان ئۆتیزمی هەبووە.
هەروەها بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، ئەگەری لەدایکبوونی منداڵێکی کوڕی ئۆتیزم، بەراورد بە کچ، چوار هێندەیە. راپۆرتە ئەمریکییەکە هۆشداری دەدات لەوەی لەساڵی 2000ـەوە، ئۆتیزم لە جیهاندا بەڕێژەی لەسەدا 178، زیادیکردووە.
ئۆتیزم ئاڵۆزبوونی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، فرمانی ئاسایی مێشک تێکدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەمدەبێتەوە.
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتاییدا ئۆتیزمیان لێ دەستنیشاندەکرێت و دەست بە چارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە باشتردەبن.
هەرچی ئەو وڵاتانەی کە کەمترین رێژەی منداڵی ئۆتیزمیان تێدایە، زۆربەیان وڵاتانی ئەوروپین.