پسپۆڕێکی خانمان: ئێستا خانمان زووتر دەگەنە تەمەنی باڵغبوون

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، ''ئێستا خانمان زووتر دەگەنە تەمەنی باڵغبوون کە پێش 10 ساڵ تەمەنەکە لە 11 بۆ 12 ساڵان دەستیپێدەکرد، بەڵام ئێستا بووە بە 9 بۆ 10 ساڵان''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 7-4-2025 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی تەندروستی، د. شنە کامەران، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، ئێستا خانمان زووتر دەچنە تەمەنی پێگەیشتن و کەیس هەبووە لە 9 ساڵییەوە سووڕی مانگانەی دەستیپێکردووە.
 
د. شنە کامەران دەڵێت: کچ هەبووە بەهۆی کیتۆوە چەوریی سەر جگەری زۆر بووە و زیانی بە گورچیلەشی گەیشتووە، هەر بۆیە دەڵێت: راستەوخۆ ئەو رێژیمە کێشدادەبەزێنێت، بەڵام دەبێت بە کاتی بێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو لە ساڵی 2023 رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان 57٪ بووە، د. شنە کامەران لەم بارەیەوە دەڵێت: ''ترس لە ئازاری منداڵبوون و کەمجووڵەیی لە ماوەی دووگیانیدا هۆکارن بۆ ئەوەی ئەگەری منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیاتر بکەن''.
 
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی تەندروستییە و فۆکەسی سەرەکیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ ئەم ساڵ پاراستنی منداڵانی تازەلەدایکبوو و خانمانی دووگیان.