لە قوتابخانەیەکی مەکسیک مێزەکانی خوێندن دەکرێنە وەرزشی

07-03-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە قوتابخانەیەکی مەکسیک جۆرێکی نوێ لە مێزی خوێندن بۆ قوتابیان دروست دەکرێت، بەجۆرێک قوتابیان دەتوانن لەگەڵ خوێندنی وانەکانیان، وەرزشیش بکەن.
 
قوتابخانەیەکی ناوەندی لە شاری سان نیکۆلاس دێ لا گارزای مەکسیک مێزی تایبەت بۆ قوتابیان دادەنێن، کە پایدەری پێوەیە، بەمەبەستی ئەوەی قوتابیان لەکاتی خوێندنی وانەکانیان بتوانن وەرزشبکەن و چالاکیی جەستەییان هەبێت. 
 
سانجوانیتا گارسیا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت: ''ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان دووچاری خەمۆکی یاخود قەڵەوی بوون، بۆیە پڕۆژەکە هاندەرێکە بۆ باشترکردنی دەروون و کێشڕێکیی قوتابیان.'' 
 
ماگوێل ئۆرتیز، خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری مێزەکانە و دەڵێت: ''دەمانەوێت پۆلەکانی خوێندن تەندروستتر بکەین." بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیاکە تێچووی هەر مێزێک 142 دۆلارە.
 
بەپێی فیدراسیۆنی جیهانی بۆ قەڵەوی، تاوەکو ساڵی 2035 نیوەی دانیشتووانی جیهان بە "قەڵەو" پۆلێندەکرێن، کە زۆرترینیان لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا دەبن.
 
پڕۆفیسۆر لویس باور، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە گوتی، جێگەی نیگەرانییە کە رێژەی قەڵەوی لە نێوان منداڵان و هەرزەکاراندا بە خێرایی هەڵدەکشێت، بەجۆرێک لە داهاتوودا 51٪ـی دانیشتووانی زەوی پۆلێندەکرێن بەوەی، کە کێشیان سەروو ئاسایی یاخود قەڵەون. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، قەڵەوی لە مێردمنداڵاندا هۆکارێکە بۆ تووشبوونیان بە 'نەخۆشیی شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ، کێشەکانی ئێسک و جومگە، بێهێزی و هەناسەتەنگی.'
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە