دەکرێت ئەم ئاژەڵە کۆرۆنای گواستبێتەوە بۆ مرۆڤ


رووداو - هەولێر

ژمارەیەک لە لێکۆڵەرانی چین رایانگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر لە هەزار نموونەی وەرگیراو، شوێنپێیەکیان هەڵگرتووە لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیاندارێکیان بەناوی پەنگۆلینس (پێست پوولەکەیی) وەک هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکردووە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لێکۆڵەرانی چینی کە کەناڵی سی جی تی ئێنی سەر بە دەوڵەتی چین بڵاویکردووەتەوە، ڤایرۆسی دەستنیشانکراو 99% هاوشێوەی ئەو ڤایرۆسەیە کە تووشی مرۆڤ بووە و ناونراوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 
زانکۆی کشتوکاڵیی باشووری چین رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکە گرنگە بۆ رێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ لیو یاهۆنگ، سەرۆکی زانکۆکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لەسەر بنەمای مەترسیداریی ڤایرۆسەکە بڕیاریان داوە لەسەر بەپەلە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە.
 
سەرۆکی زانکۆ چینییەکە داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کردووە بە دوورکەوتنەوەیان لە ئاژەڵ و گیاندارە کێوییەکان.
 
دەگوترێ، پەنگۆلین ئەو گیاندارە شیردەرەیە کە دوای مرۆڤ زۆرترین بازرگانیی پێوەدەکرێت لەسەر ئاستی جیهان، ئەوەش بەهۆی پوولەکەکەیەتی.
 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە ڤایرۆسەکە لە مار و شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، ئەوەش دوای خواردنی لەلایەن مرۆڤەوە.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە چین  637 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە دەرەوەی چین یەک کەس گیانی لەدەستداوە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکەش لە چین 31 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و لە دەرەوەی چین گەیشتووەتە 220 کەس، هاوکات باس لەوەش دەکرێت کە هەزار و 540 کەس چارەسەریان وەرگرتووە.