لێکۆڵینەوەیەک: ساڵی 2050 ژمارەی تووشبووانی ئەلزەهایمەر دەگاتە 153 ملیۆن کەس

رووداو دیجیتاڵ
 
زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، بەپێی دەرئەنجامەکەی پێشبینی کردووە تاوەکو ساڵی 2050، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر لە جیهان سێ هێندەی ئێستا زیاتر بێت. ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، یەکێکن لەو ناوچانەی، کە زۆرترین هەڕەشەیان لەسەرە.
 
ئێما نیکۆلاس لێکۆڵەر لە زانکۆی واشنتن دەڵێت: "پێشبینییەکانمان تایبەت بە ناوچەی باکووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان بە ئەلزەهایمەر زۆر بەرز دەرچوون. لەو دوو ناوچەیە ژمارەی لەدایکبووان و ژمارەی بەساڵاچووان لە هەڵکشاندان. واتە خەڵکێکی زۆرت هەیە کە لەدایک دەبێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش لە کەسانی پیر لەژیاندا دەمێننەوە، ئەوە گوشار دەخاتە سەر خزمەتگوزاری تەندروستی و کواڵیتی ژیان دادەبەزێنێت و ئەلزەهایمەر زیاتر دەکات".
 
توێژەران پێشبینییان کردووە رێژی تووشبووانی ئەلزەهایمەر لە جیهان تێکڕا بە زیاتر لە 367٪ بەرزببێتەوە؛
هەندێ ژمارەش لەبارەی چەند وڵاتێكی کەنداو بڵاوکراونەتەوە و تێیدا پێشبینی کردووە لە سعودیە تووشبووانی ئەلزەهایمەر بە 898٪ بەرزدەبێتەوە و لە وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و بەحرەین بۆ سەرووی 1000% هەڵبکشێت.
 
جگە لە هەردوو ناوچەی باکووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشبینی کراوە تووشبووانی ئەلزەهایمەر لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بەرزببێتەوە، هۆکارەکەش بۆ جگەرەکێشان، شەکرە و  قەڵەویی دەگەڕێتەوە.
 
کارین هاریسۆن، سەرۆکی تیمی لێکۆڵەران دەڵێت: "دەبێت ئەوە بزانین کە ئەمانە پێشبینین و پشتیان بە داتا کۆکراوەکان بەستووە. بەڵام هەر چۆنێک بێت زەنگێكی مەترسین بۆ وڵاتانی جیهان تاوەکو پلانە ستراتیژییەکانیان بەجۆرێك دابنێن بتوانن لەڕێگەیانەوە رووبەڕووی ئەو هەڵکشانە زۆرە مەترسیدارە ببنەوە. جگەرە کێشان و خواردنی چەور و شەکر هۆکاری سەرەکین بۆ ئەلزەهایمەر".
 
لە کاتێکدا ئێستا لە جیهان کەمتر لە 57 ملیۆن مرۆڤی تووشبوو بە ئەلزەهایمەر هەن، لێکۆڵینەوەکە پێشبینی دەکات 30 ساڵی دیکە ئەو ژمارەیە بۆ سەرووی 153 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.