رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک تووشبووی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگ یان لە هەڵەبجەی تازە کردووە و سەرچاوەیەکیش لە تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "500 کەس بوون."
د. سارا عومەر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگ، بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 6-11-2024 "ژمارەیەکی ئێکجار زۆری نەخۆش" هاتوونەتە نەخۆشخانەکەیان و هەموویان تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
لەبارەی ژمارەی تووشبووەکانەوە سەرچاوەیەک لە تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ژمارەی ئەو تووشبووانەی سەردانی نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگیان کردووە 500 کەس بوون."
"زۆرینەی تووشبووەکان منداڵن و دانیشتووی گەڕەکی هەوارانن لە هەڵەبجەی تازە." ئەمە بەگوێرەی سەرچاوەکەی تەندروستیی سلێمانی بۆ رووداو.
لەبارەی دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکانەوە د. سارا عومەر دەڵێت: "ئەو کەسانەی هاتنە ئێرە هەموو تەمەنەکانی تێدابوون، حاڵەت بۆ حاڵەتیش جیاواز بوون، هەندێکیان بە تووندی تووش ببوون و لە نەخۆشخانە خەوێندراون و ئەوانەشی نیشانەکانیان سووک بووە دوای چارەسەر نێردراونەتەوە ماڵەوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگ باسی لەوەشکرد "ئەوانەی توشبوون دانیشتووی سێ گەرەکی شارەکەن و حاڵەت هەبووە لە یەک خێزان 5 کەسیان توشی سکچوون و رشانەوە بوون."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگ داوای لە تەندروستیی سلێمانی کردووە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری نەخۆشییەکە بنێرنە شارەکەیان، ئەوانیش لە وەڵامدا گووتویانە رۆژی پێنج شەممە،7-11-2024 تیمێک دەنێرنە لایان و لە هۆکارەکەی دەکۆڵنەوە.
د. سارا عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگ، بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دەرمان و ئەو پێویستییانەی بۆ چارەسەر پێویستن لە نەخۆشخانەکەیان بەردەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ