زانکۆی پزیشکیی بایلۆر: ئازار و گرژبوونی قاچەکان نیشانەی خراپی سووڕی خوێنن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی پزیشکیی بایلۆر لە ئەمریکا دەریدەخات، ئازار و گرژبوونی قاچەکان دەکرێت نیشانەیەکی خراپیی سووڕی خوێنبن. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تێکچوونی سووڕی خوێن ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
 
لەم توێژینەوەدا هاتووە، خراپی سووڕی خوێن لەوانەیە چەند هۆکارێکی هەبێت وەکو کۆبوونەوەی چەوری و کۆلیسترۆڵ لە دیواری خوێنبەرەکاندا کە پێی دەوترێت رەقبوونی خوێنبەرەکان، ئەمە لەنێو بەکارهێنەرانی تووتن و ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە باوە، هەروەها بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەوکردن و مەینی خوێن دەتوانن رێگری لە ڕۆیشتنی خوێن بکەن.
 
د. ڤینداری وانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''خوێن ئۆکسجین و ماددە خۆراکییە گرنگەکانی دیکە دەگەیەنێتە بەشەکانی جەستە، بۆیە هەر شتێک بێتە رێگر لە رۆیشتنی خوێن کاریگەری لەسەر ئەندامەکان دەبێت''.
 
بەپێی زانکۆی پزیشکیی بایلۆر، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە کێشەکانی سووڕی خوێن بریتین لە دابەزاندنی کێش، وەرزشکردنی بەردەوام و وازهێنان لە تووتن.