نەخۆشخانەی هیوا: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادبووە

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە 10 مانگی ئەمساڵ بەراورد بە 10 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو زیادبووە، هۆشداریش دەداتە خانمان کە ''خودپشکنینی مەمک بکەن''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجە لە سلێمانی رایگەیاند، لە 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵ 479 تووشبووی شێرپەنجەی مەمکیان تۆمارکردووە کە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوو 64 کەیسی نوێ زیاترە.
 
هاوکات د. یاد نەقشبەندی روونی دەکاتەوە، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 479 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراون، بەڵام ئەو ژمارەیە لە 10 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا 415 بووە.
 
د. یاد نەقشبەندی باسی هۆکارە باوەکان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەکات وەکو؛
 
- بۆماوەیی
- نەبوونی منداڵ
- نەدانی شیری سرووشتی
- شێوازی ژیانی ناتەندروست
- قەڵەوی
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە هۆشداری دەداتە خانمان، بایەخ بە پشکنینی پێشوەختە بدەن و خودپشکنینی مەمکیش بۆ خۆیان بکەن، دەشڵێت: چارەسەر لە قۆناخە سەرەتاییەکان ئەگەری گیانلەدەستدان و تووشبوون بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی شێرپەنجەکە کەمدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییە بۆ راگەیاندنی کەمپەینێک بوو بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشخانەی هیوا لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە.