جارێکی دیکە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد

رووداو - تەندروستی 

لە بەغدا دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان نزیکەی زیاتر لە 10 جارە خۆپێشاندان دەکەن و 'داوای دامەزراندنی هەموویان' دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق گردبوونەوە و یەکێکیان دەڵێت، ''دەمانەوێت هەموومان بەبێ جیاوازی دابمەزرێین، چونکە ئەوە مافی سەرەکیمانە''.
 
یەکێکی دیکەش لەنێو خۆپێشاندەران بە رووداوی گوت، ''دەرچووی هەموو بەشێکمان تێدایە و داوادەکەین کە بە یاسا هەمووان دابمەزرێین کە ئەویش یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2000ـە''.
 
دەرچوویەکی شیکاری نەخۆشییەکان دەڵێت: ''ئەمە 15 جارە خۆپێشاندان دەکەین، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و دەستبەرداری مافەکانمان نابین''.
 
57 هەزار و 464 دەرچووى بەشە پزیشکییەکان هەن کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، لەو ژمارەیە ناوى 28 هەزار یان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەى دابمەزرێندرێن.