پسپۆڕێکی کورد پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق لە پسپۆڕیی نەخۆشییە گوازراوەکان وەردەگرێت

رووداو - تەندروستی 

بە گوێرەی ریزبەندییەکی جیهانیی، توێژەرێکی کورد پلەی یەکەم لە پسپۆڕیی نەخۆشییە گوازراوەکان بەدەستدەهێنێت و دەڵێت، پێویستە بایەخی زیاتر بە توێژەران بدرێت و پێداویستیی زیاتریشیان بۆ دابینبکرێت.
 
د. نەوفەل رەشید لە ریزبەندیی (AD scientific index) توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و پلەی 232 لەسەر ئاستی جیهانی لە بواری نەخۆشییە گوازراوەکان بەدەستبهێنێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. نەوفەل رەشید، توێژەری نەخۆشییە گوازراوەکان و راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی زاخۆ لە بەرنامەی 'رۆژی هیوا جەمال' بە رووداوی راگەیاند، ئەوە دووەم ساڵە لەسەر یەک کە ئەو پلەیە بەدەستدەهێنێت و داواشدەکات کە زیاتر بایەخ بە توێژەران بدرێت بۆ بەرەوپێشچوونی کوالێتیی و ئاستی توێژینەوەکانیان.
 
د. نەوفەل رەشید لەبارەی ئەو نەخۆشییە گوازراوانەی کە لە ماوەکانی رابردوو و تەنانەت ئێستاش لە هەرێمی کوردستان هەن گوتی، لاوازیی ژێرخانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و پێویستە بە توێژینەوە رێگەچارەسەرییەکان بدۆزرێنەوە و کاریان پێبکرێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە باسی سیستمی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و دەڵێت: ''شەڕکردن دژی نەخۆشییە گوازراوەکان پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە و ئێستا کێشەی کەمیی بودجەمان هەیە''، بەڵام لەلایەنی زانستییەوە خۆشبەخانە گوتی، ''لەو ڕوانگەیەوە کێشەکە کەمترە''.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، ریزبەندییەکە بەجۆرێکە کە بۆ هەموو لێکۆڵەرە جیهانییەکانە و توێژینەوەکانیان پێشکێشدەکەن و پاشانیش هەڵدەسەنگێندرێن و ریزبەندییان بۆ دیاریدەکرێن.