لە کارنامەی لایەنەکاندا چۆن باسی پاراستنی تەندروستیی خەڵک کراوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تەندروستی و بەتایبەتیش تەندروستیی گشتی، یەکێکە لەو مژارە سەرەکییانەی کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە پاراستن و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی هاونیشتمانییانەوە هەیە، چەند خاڵێکی هاوبەشیش لەنێوان چەند حیزبێکدا هەن وەکو بایەخدان بە کوالێتیی دەرمان، دابینکردنی بیمەی تەندروستی و زیادکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان.
 
پرسە تەندروستییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک لە کەرتی تەندروستی، لە کارنامەی بەشێک لە حیزب و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەیە؛
 
پارتی دیموکراتی کوردستان
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، کە 14 تەوەر لە خۆدەگرێت، لە تەوەری حەوتەمدا، بە 8 خاڵ باس لە تەندروستیی گشتی دەکات و یەکێک لە خاڵەکان دەڵێت، ''کاردەکەین تاوەکو رۆشنبیریی تەندروستیی گشتی باشتر بچێتە نێو خەڵک''، یەکێک لەو مژارانەی کە جەختیشی لێدەکاتەوە پرسی دەرمانی قاچاخە و لە کارنامەکەدا هاتووە ''کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنی بازرگانیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی چڕدەکەینەوە''.
 
یەکێک لەو مژارانەی کە لە کارنامەکەیدا هاتووە ئەوەیە، لە کابینەی نوێدا کاری جیدی لەسەر بیمەی تەندروستی دەکەن و دەڵێت ''بە تووندی ئیدانەی بازرگانیکردنی دەرمان بە رێگەی نایاسایی و قاچاخ دەکەین''، هاوکات ئەوەش باسدەکرێت کە ''دابینکردنی بیمەی تەندروستی کارێکی لەپێشینەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەبێت''.
خاڵێکی دیکەی تەوەری حەوتەمی کارنامەی پارتەکە جەخت لەسەر بیمە دەکات و دەشڵێت ''کار بۆ دەرکردنی یاسایەکی هاوچەرخی بیمەی تەندروستی دەکەین''.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
 
کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 16 تەوەر پێکدێت و تەوەری هەشتەم کە لە 22 خاڵ پێکدێت، تایبەتە بە تەندروستی، کە خاڵی شەشەم باسی بایەخدانی زیاترە بە بنەماکانی خۆپاراستنی هاونیشتمانییان لە نەخۆشییە گوازراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستییان. لە خاڵی 11دا دەڵێت: ''پەیڕەوکردنی هاوتاکردنی نرخی دەرمان لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان''.
 
لە خاڵی هەشتەمدا دەڵێت ''نەهێشتنی قۆرخکردنی بازاڕی هاوردەکردنی دەرمان و کەمکردنەوەی باج و نرخی ستیکەر، ئەوەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی نرخی دەرمان''. خاڵی 16 باسی پەیڕەوکردنی تەندروستیی و پلانی خێزانی دەکات. هەروەها ''گرنگیدان بە هۆشیاریی تەندروستی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا'' خاڵی سێزدەمینی تەوەری تەندروستییە لە کارنامەی حیزبەکە.
 
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە یەکێک لە خاڵەکانی دەربارەی پرسی چاکسازیی کۆمەڵایەتی ئەوە دەخاتەڕوو، کە بایەخی زیاتر بە پەروەردە، رۆشنبیریی لاوان و دوورکەوتنەوە لە مادە هۆشبەرەکان دەدات. هەروەها کۆمەڵی دادگەری لە خاڵی 10ـیەمی تەوەری پێنجەمدا، باسی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی کردووە و جەختیشی لە دەستەبەرکردنی ئاوی پاک بۆ هاوونیشتمانییان کردووەتەوە، وەک یەکێک لە رێگەکانی پێشگیری لە نەخۆشییە گوازراوەکان. هەروەها لە تەوەری شەشەمدا دەڵێت، ''کاردەکەین بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی کادرانی پەرەوەردەیی''.
 
کۆمەڵی دادگەری لە تەوەری حەوتەمدا باسی کردنەوەی شوێنی تایبەت بە چارەسەری ئالوودەبووان بە مادە هۆشبەرەکان دەکاتەوە و جەختیش لە هۆشیارکردنەوەی تاک دەکات لە دوورکەوتنەوە لێیان. لە تەوەری هەشتەمیشدا کە لە بارەی ژینگە و تەندروستییە ئاماژە بەوەدەکات، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەن ''چونکە هۆکاری پیسبوونی ژینگەن''  و بایەخیش بە پڕۆژەی 'ریسایکلین' دەدەن، رێگە لە هاوردەکردنی خۆراک و دەرمانی خراپ و بێکوالێتیش دەگرن.
 
خاڵێکی کارنامەکەی کۆمەڵی دادگەری لە تەوەری هەشتەمدا دەڵێت، ''گرنگی بە بنەمای خۆپاراستن پێش چارەسەرکردن دەدەین''.
 
نەوەی نوێ
 
هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی باسی پرسە تەندروستییەکان کراون، بەڵام دیارترینیان بریتین لە جەختکردنەوە لە باشیی کوالێتیی دەرمان و چارەسەرییەکانی نەخۆش و بێبەرامبەربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، دەڵێت: ''دەبێت هاونیشتمانییان پێویستیان بەوە نەبێت بۆ چارەسەر روو لە نەخۆشخانەی تایبەتییەکان بکەن، بەڵکو بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەربکرێن''.
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی لە کارنامەی بانگەشەیدا بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە 21 بڕگە پێکدێت، لە تەوەری هەشتەم و لە خاڵی سێیەمدا کە باسی خزمەتگوزاریی تەندروستی دەکات، دەڵێت: ''زامنی تەندروستی بۆ هاونیشتمانییان دەکەین و پرەنسیپی خۆپاراستن نەک چارەسەرکردن جێبەجێدەکەین''، هەروەها لە خاڵی چوارەمدا باسی پیادەکردنی سیستمی پزیشکیی خێزانی دەکات و لە خاڵی پێنجەمیشدا باسی بەئەلیکترۆنیکردنی زانیارییە تەندروستی و پزیشکییەکانی نەخۆش و کارمەندان دەکات.
 
لە تەوەری شەشەمدا کە باسی خزمەتگوزاریی گشتی دەکات دەڵێت، سیستمێکی هاوچەرخ دادەنێین بۆ پاکڕاگرتنی شار و بایەخیش بە پڕۆسەی ریسایکلین دەدەین، بۆ ئەوەی خۆڵ و خاشاک لە دەوروبەری شارەکان کۆنەبێتەوە، چونکە دەبنە کێشە بۆ تەندروستی و ژینگە.
 
بەرەی گەل
 
لە کارنامەی 'بەرەی گەل'ـیش کە لە 14 بڕگە پێکدێت، تەوەری دووەم باسی پرسە تەندروستییەکان دەکات و لە 18 خاڵ پێکدێت، کە هەر لە سەرەتاوە جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی ڤاکسین و بایەخدان بە بنکە تەندروستییەکان دەکاتەوە. بڕگەی حەوتەم باسی ئەوە دەکات کە ''رێژەی نەخۆش بۆ شارەکان کەمببێتەوە و پزیشکی خێزان لە بنکە تەندروستییەکان بۆ کەمکردنەوەی سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان دابنرێت''.
 
لە بڕگەی نۆشدا باسی بە ئەلیکترۆنیکردنی زانیاری و ناوی دەرمانەکان دەکات و دەڵێت: ''هەموو زانیارییەکی نەخۆش، ناوی دەرمان و جۆری چارەسەر بۆ نەخۆش نووسرابێت''. هاوکات لە بڕگەکانی دیکەشدا باسی دابینکردنی بیمەی تەندروستی و کەمکردنەوەی رێکلامی بازرگانی بۆ پزیشک و دەرمان و هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان لە پێشگیری لە نەخۆشییە گوازراوەکان کراوە.
 
بەرەی گەل لەبارەی پرسی کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتیی دەرمانەکان لە خاڵی 10دا ئاماژە دەکات بە ''کۆنتڕۆڵکردن و دانانی بەرنامەی ورد بۆ هاوردەکردنی دەرمان و خۆراک لە سنوورەکان، بەجۆرێک کە هاونیشتمانییان دڵنیاببنەوە لە بەکارهێنانی لە رووی جۆر، کوالێتی و نرخەوە''.
 
رەوتی هەڵوێست
 
لە کارنامەی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێستدا لە بڕگەی دۆسیەی پارێزگاری لە ژینگە و تەندروستیدا، خاڵەکان زیاتر جەخت لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا دەکات، بەڵام بەشێکی باسی چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی تەندروستی و تەندروستیی هاونیشتمانییان دەکات، لە کارنامەکەدا هاتووە کە ''رێژەی سەوزایی زیادببێت و ئەو کاڵایانەی ژینگە پیسدەکەن وەکو {نایلۆن} کەمبکرێنەوە''.
 
بۆ رێگری لە پیسبوونی هەوا خاڵی 6ـی لیستەکە لە تەوەری پارێزگاریی ژینگە و تەندروستیدا دەڵێت: ''کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کەسی و دابینکردنی گواستنەوەی گشتیی دۆستی ژینگە'' جێبەجێدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە