پسپۆڕێکی خۆراک: بتڵی ئاو لە پلەی گەرمیی بەرز و لەبەر خۆر ژەهراوی دەبێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی زانستی خۆراک رایدەگەیێنێت، هەڵگرتن بتڵی ئاو لە پلەی گەرمیی بەرزدا و دانانیان لەبەرخۆر هۆکارێکە بۆ ژەهراویبوونی ئاوەکە. 
 
رۆژی چوارشەممە 6ـی ئەیلوولی 2023 رۆزا دلێر، پسپۆڕی زانستی خۆراک لە بوولتەنی تەندروستی رایگەیاند، هەر خۆراکێک لە پلەی گەرمیی بەرز یاخود لەبەر خۆر دانرا کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروستدەکات و ئەگەری ژەهراویبوونی خۆراکەکە زیاددەکات.
 
رۆزا دلێر بەشێک لە تایبەتمەندیی خۆراکی تێكچووی بەرخۆر رووندەکاتەوە و دەڵێت: 'ئاوسان لە شێوەی قوتووەکە، گۆڕینی رەنگ، شێوە و تامی خۆراکەکە' دەکرێت رووبدەن، هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، هەڵگرتنی خۆراک لە پلەی گەرمیی بەرز وادەکات کە مادە خۆراکییەکانی نێوی کەمببێتەوە و جەستە سوود لە خۆراکەکە نەبینێت.  
 
لەبارەی بتڵە پلاستیکییەکانی ئاو رۆزا دلێر دەڵێت: ئەو هێمایەی لەسەر پلاستیکی بتڵەکاندا هەیە ئاماژە بە جۆر و شێوازی هەڵگرتنی بەرهەمەکە دەکات، بەجۆرێک کە دەبێت یەکجار بەکاربهێندرێت و لە پلەی گەرمیی بەرز و بەفرگردا هەڵنەگیرێت.
 
رۆزا دلێر روونی دەکاتەوە، پلەی گەرمیی بەرز دەبێتەهۆی گۆڕینی پێکهاتەی پلاستیکەکە، بەمەش مادەی ژەهراوی لێ دروستدەبێت و ئاوەکە ژەهراوی دەکات''، هەروەها لەبارەی خۆراکەکانی دیکەش گوتی، ئەگەری ژەهراویبوونیان بە بەکتریا و ڤایرۆس زیاددەکات و بە خواردنی کەمترین بڕ، دەکرێت کەسەکە تووشی هەوکردنی تووند ببێت. 
 
رۆزا دلێر دەڵێت: هەر خۆراکێکی پێچراوە دەبێت دوور لە تیشکی خۆر و پلەی گەرمیی بەرز دابنرێت، تەنانەت شوێنی هەڵگرتنیشیان نابێت شێداربێت.
 
بە گوتەی رۆزا دلێر، ''هەر بتڵێکی ئاو دەبێت یەکجار بەکاربێت و نابێت لە بەفرگردا هەڵبگیرێت، چونکە بەهەمان شێوەی پلەی گەرمیی بەرز زیان بە پێکهاتەی پلاستیکەکە دەگەیێنێت و مادەی ژەهراوی دروستدەکات کە هۆکارن بۆ شێرپەنجە''.
 
ئەم پسپۆڕەی زانستی خۆراک گوتی، خاوەن کارگەکان پێویستە پلەی گەرمیی سارد و گوێزەرەوەی گونجاو بۆ بەرهەمەکانیان بەکاربهێنن، هاوکات رێنوێنیی هاونیشتمانییانیش دەکات، ئەو خۆراکانە نەخۆن کە لە پلەی گەرمیی بەرز و لەبەرخۆردا دانراون، هەروەها پێش خواردنی بەرهەمەکە شێوە و رەنگەکەی هەڵبسەنگێنن و دڵنیابن لە نەبوونی هەر گۆڕانکارییەک.
 
لە هەرێمی کوردستان بەبێ رەچاوکردنی پلەی گەرمیی گونجاو بەشێک لە فرۆشگەکان خۆراک و بەرهەمەکانیان لە دەرەوە دادەنێن، بەشێکی دیکەی فرۆشیارانیش لەبەرخۆر ئاوی کانزایی و مادە خۆراکییەکانیان دەفرۆشن.