لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە نەشتەرگەری بۆ تووشبووانی نەخۆشییە زگماکییە دەگمەن و ئاڵۆزەکان دەکرێت

06-09-2022
گۆڤەند مستەفا
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ رێکخراوی هێڤی بە سپۆنسەری حکومەتی ئیتاڵیا بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی تەندروستی واژۆ دەکات، یەکێک لەو پڕۆژانەش چارەسەرکردن و نەشتەرگەرییە بۆ نەخۆشییە زگماکییە دەگمەن و ئاڵۆزەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
 
ئەمڕۆ سێشەمە 06-09-2022، دوای واژۆکردنی یاداشتەکە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ژمارە و جۆری پڕۆژەکان رایگەیاند: "پڕۆژەکان لە نۆ پڕۆژە پێکدێن، بریتین لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە زگماکییە دەگمەن و ئاڵۆزەکان کە پێویستیان بە چارەسەر و نەشتەرگەری هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی لە ئیتاڵیا".
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستی: "رێکخراوی هێڤی لە ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵی رابردوو هاوکار و پاڵپشت بووە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بوارە جیاوازەکاندا".
 
دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆژەی یەکەم چارەسەرکردنە، پڕۆژەی دووەم ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکانە چ لەنێو هەرێمی کوردستان و چ لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەتیش بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی زگماکیی دڵیان هەیە، لە ماوەی رابردووشدا ئەو منداڵانەی کە نەخۆشیی زگماکیی دڵیان هەبووە، ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ کراوە.
 
یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانە بە گوتەی دکتۆر سامان بەرزنجی "راهێنانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستییە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان. پڕۆژەی چوارەمیشیان بونیاتنانی سەنتەری گەلاڤێژە کە تایبەتە بە منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە کە ئێستا باڵەخانەکەی لە تەوابووندایە، بۆ یەکەمین جارە لە شاری دهۆک سەنتەرێکی شێرپەنجەی منداڵان لەنێو نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان دەکرێتەوە".
 
دکتۆر سامان بەرزنجی ئاشکراشی کرد: "پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەی سووتان و نەشتەرگەریی جوانکاری لەناو شاری سلێمانی، هەروەها لە شاری هەولێریش پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن و دروستکردنی چەند بەشێک لەنێو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات لە لایەن رێکخراوی هێڤییەوە جێبەجێ دەکرێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.