پسپۆڕێک: پیسبوونی هەوا هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە رەبۆ
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە رایدەگەیێنێت، پێویستە لەمەودوا وزەی خۆر بۆ دەستکەوتنی کارەبا بەکاربێت، تاوەکو تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایێنەکان کەمببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی ئابی 2024 د. هیوا خالید گەردی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە بوولتەنی کاژێر 14:00 کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات بە رووداوی گوت، ئەو گازانەی لە دووکەڵی موەلیدەکان و پاڵاوگەکانەوە دەردەدرێن راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی کورتخایێن و درێژخایێنیان لەسەر جەستە هەیە.
د. هیوا خالید گەردی دەڵێت: پیسبوونی هەوا هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە رەبۆ کە نەخۆشییەکی درێژخایێنی سییەکانە و دەبێت کەسی تووشبوو بە بەردەوامی دەرمان بەکاربهێنێت.
بە گوتەی د. هیوا گەردی، کاریگەرییە سەرەتاییەکانی زۆربەرکەوتن بە هەوای پیس دەکرێت ئەم نیشانانە بگرێتەوە؛
- هەناسەتەنگی
- کۆکە
- پژمین
- بێهێزبوون
- سەرسووڕان
- ماندوویێتی
- دڵەکوتێ
- ناڕێکیی لێدانی دڵ
تەنانەت لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بە شێرپەنجەی خوێن دەکات کە دەشێت بەهۆی پیسبوونی هەواوە دووچاری کەسێک ببێتەوە، هەر بۆیە لەم بارەیەوە هۆشداری دەداتە ئەوانەی نزیکن لە پاڵاوگەکان و موەلیدەی گەڕەکەکەیان دووکەڵی زۆر دەردەدات.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC؛ کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر جەستە ئەمانەن؛
- هەوکردنی سییەکان
- لەبارچوونی منداڵ
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- پێنەگەیشتنی سییەکانی کۆرپە
- هەستیاری
- لاوازبوونی توانای سێکسی
- نەخۆشییەکانی گورچیلە
- نەخۆشییەکانی جگەر
- مردنی لەناکاو
- شێرپەنجە
بەپێی کۆمەڵەی دەرووندروستی لە بەریتانیا؛ کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر دەروون ئەمانەن؛
- گوشار و شڵەژانی دەروونی
- دڵەڕاوکێ
- لەبیرچوونەوە
- خەمۆکی