بەڕێوەبەری چاودێری و سەلامەتیی خۆراک لە دهۆک: پشکنینی کوالێتی بۆ هیچ شیرێکی قوتوو ناکرێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری چاودێری و سەلامەتیی خۆراک لە خۆپاراستنی دهۆک ئاشکرای دەکات، لە هەرێمی کوردستان و عێراق پشکنینی کوالێتی بۆ شیرە قوتووەکان ناکرێت، بەڵکو تەنیا پشکنین بۆ سەلامەتیی شیرەکان دەکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی ئابی 2024 دڵشاد عیزەدین، بەڕێوەبەری چاودێری و سەلامەتیی خۆراک لە خۆپاراستنی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، 95٪ـی شیرە قوتووەکانی دهۆک لەڕووی سەلامەتییەوە کۆنتڕۆڵکراون.
 
دڵشاد عیزەدین دەڵێت: ''لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان تاقیگەی تایبەت بە پشکنینی کوالێتیی خۆراک نییە، ئەوەشی لە بازگەکانەوە دێت تەنیا پشکنینی سەلامەتی و میکرۆبییان بۆ کراوە''.
 
هاوکات وەکو بەڕێوەبەری چاودێریی و سەلامەتیی خۆراک داوا دەکات، لە دەروازە سنوورییەکان تاقیگەی تایبەت بە کوالێتیی خۆراک و پشکنینی مادەکانی نێو خۆراکەکان دابنرێت، تاوەکو رێژەی مادەکانی نێو هەر خۆراکێکی هاوردەکراوی هەرێمی کوردستان بزاندرێت.
 
لە بارەی شیرە قوتووەکانەوە دڵشاد گوتی، هەر شیرێک بەپێی ستانداردەکانی عێراق مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نەبێت، لەنێو دەبردرێت یاخود دەیگەڕێننەوە سەرچاوەکەی.
 
بە گوتەی دڵشاد عیزەدین، فراوانیی دەروازە سنوورییەکان هۆکارێکی زۆریی جۆری شیرە قوتووەکانە و هەر دەروازەیەکیش بەپێی مەرجی خۆی خۆراک هاوردە دەکات.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی، ''هەر دووکانێک شیری قوتوو بفرۆشێت، پێویستە لە خوار 25 پلەی سیلیزی دای بنێت و لە شوێنی شێدار و گەرم هەڵینەگرێت''.
 
بایەخی پشکنین بۆ کوالێتیی خۆراک چییە؟
 
''پشکنینی کوالێتیی خۆراک بۆ ئەوە دەکرێت کە مادەکانی نێو خۆراکەکە بپشکێندرێن لەڕووی رێژە و هەبوون و نەبوونیانەوە، چونکە ئەو خۆراکانەی کە دێن کەس نازانێت چییان تێدایە و ئەوەی لەسەر رووی بەرهەمەکانیش هەیە، نە پشکنراون بۆ پشتڕاستکردنەوەیان''.

پسپۆڕێکی منداڵان باسی کاریگەرییەکانی زۆریی شیرە قوتووەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات؛
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە