لە ئیسرائیل ژمارەی تووشبووانی کۆکە رەشە لە زیادبوونە

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی کۆکە رەشە لەمساڵدا بەردەوام لە زیادبوونە و داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات دڵنیابنەوە لەوەی منداڵەکانیان ڤاکسینی دژ بەم نەخۆشییە وەربگرن. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، زیاتر لە دوو هەزار و 480 تووشبووی کۆکە رەشە لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تۆمارکراون کە نزیکەی دووئەوەندەی ژمارەی تووشبووانی ساڵی 2023ـیە. 
 
د. دان یامین، بەرپرسی تاقیگەی نەخۆشییە گوازراوەکان دەڵێت، ''رێژەی کوتان لە وڵاتەکە کەمبووەتەوە بەجۆرێك لە 98٪ دابەزیوە بۆ 92٪، ئەمەش هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانە''. 
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی کۆکە رەشە: کۆکەیەکی بەردەوامی بێزارکەرە بەهۆی هەوکردنی رێڕەوی هەناسەوە بە بەکتریای (Bordetella Pertussis)، تووشی هەموو تەمەنێک دەبێت بەتایبەتی منداڵانی خوار شەش مانگ، چونکە هێشتا سیستمی بەرگرییان تەواو نییە. 
 
سەرەتای نەخۆشییەکە وەکو دەردەسەرما وایە، نەخۆش نیشانەکانی هەڵامەت، پژمین و تا لەگەڵ کەمە کۆکەیەکی هەیە، دوای یەک بۆ دوو هەفتە کۆکەکە دەگۆڕێت بۆ کۆکەیەکی وشکی بێزارکەر و تووند کە بە شێوەی لەناکاو بۆی دێت.
 
رێگەکانی گواستنەوە
بەرکەوتن بە دەردراوەکانی دەم و لووت
پژمین
کۆکین
دەستلێدان 
بەرکەوتن
 
رێگەکانی خۆپاراستن لە کۆکە رەشە
کوتان؛ بە گوێرەی خشتەی کوتان، هاوکات دەشێت ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی نەخۆشییەکە ببن، بەڵام بە سووکی دەیگرن.
کەمکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو.