پسپۆڕێک: 5٪ـی منداڵان فتقیان هەیە و زۆرترینیان کوڕن؛ هۆکار و چارەسەرەکانی بزانە

08-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان و شێواوییە سکماکییەکان ئاشکرای دەکات، 5٪ـی منداڵان فتقیان تووشدەبێت و زۆرینەشیان کوڕن، هەروەها دەڵێت: ''پێویستە بە زووترین کات فتقەکە چارەسەربکرێت''.
 
د. محەممەد مەمووندی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان و شێواییە سکماکییەکان بە رووداوی گوت، لەدایکبوونی منداڵ بە ناکامی ئەگەری دروستبوونی فتق زیاددەکات، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی فتقەکان دوای دەستنیشانکردن، بە نەشتەرگەری چارەسەردەکرێن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. محەممەد مەمووندی دەڵێت: ''جگە لە فتقی ناوک، بەهیچ جۆرێک نابێت نەشتەرگەری بۆ فتق دوابخرێت کە دەستنیشانکرا''.
 
دەقی وەڵامەکانی د. محەممەد مەمووندی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان و شێواییە سکماکییەکان لەبارەی فتق؛
 
رووداو: فتق چییە و ئێستا سەدا چەندی منداڵان توشی دەبن، هەروەها زیاتر لە چ تەمەنێکدان؟
 
د. محەممەد مەمووندی: فتق بریتییە لە هەبوونی دەرچەیەک کە بەشێکی ئەندامێک یاخود ئەندامەکە خۆی تیایدا دێتە دەرەوە کە زۆرجار هەستی پێدەکرێت و دەبیندرێت پێی دەڵێن، 'فتقی دەرەکی'، بەڵام بەشێکیشیان هەستی پێناکرێت و نابیندرێت پێی دەڵێن، 'فتقی ناوەکی'. 5٪ـی منداڵان تووشی فتق دەبن و لە کوڕان لە تەمەنی خوار یەک ساڵان و لە کچانیش خوار چوار ساڵان باوە.
 
رووداو: نیشانەکانی فتقی ناوەکی چین؟ 
 
د. محەممەد مەمووندی: 'هەناسەتەنگی، ناڕێکیی هەناسەدان، هەندێکجار رشانەوە و شینهەڵگەڕانی منداڵ'.
 
رووداو: هۆکارەکانی دروستبوونی فتق لە منداڵدا چین؟
 
د. محەممەد مەمووندی: فتق نەخۆشییەکی سکماکییە و دوای لەدایکبوون هەستی پێدەکرێت، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە ئەگەری دروستبوونی فتق زیاددەکەن وەکو؛
 
- لەدایکبوونی پێشوەختەی منداڵ ''منداڵی ناکام'' 
- بوونی فتق لەنێو ماڵبات و مێژووی خێزانی
- ئەوانەی کەلـلەی سەریان ئاوی تێدایە و پەستان دروستدەبێت
- شۆردنی گورچیلەکان
- شێواویی سکماکی لە کۆئەندامی میزەڕۆ
- نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان
- نەخۆشییە سکماکییەکانی بەشی پێشەوەی ماسوولکەکانی جەستە
 
رووداو: ئەو چارەسەرییانە چین کە بۆ فتق بەکاردێن؟
 
د. محەممەد مەمووندی: بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی فتقەکان دوای دەستنیشانکردن، بە نەشتەرگەری چارەسەردەکرێن، بەڵام جۆرێکی فتق هەیە کە پێی دەڵێن، فتقی ناوک کە لەسەرەتای لەدایکبوون تاوەکو پێنج ساڵ پێویست بە نەشتەرگەری ناکات و تەنیا چاودێریی دەکرێت، ئەگەر ئەو جۆرە فتقە دوای تەمەنی چوار تاوەکو پێنج ساڵی مایەوە، ئەوا ئەوکاتە پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت.
 
رووداو: ئایا لە تەمەنی چەند ساڵییەوە منداڵ ئاساییە نەشتەرگەریی فتقی بۆ بکرێت؟ 
 
د. محەممەد مەمووندی: لە هەر تەمەنێک کە فتقەکە دەستنیشانکرا، هیچ جۆرە رێگرییەک نییە بۆ نەشتەرگەری، جگە لە جۆری 'فتقی ناوک'، بەڵام جۆرەکانی دیکەی فتق دوای دەستنیشانکردنیان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، پێویستە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، تاوەکو پێشگیری لەو لێکەوتانە بکەین کە بەهۆی فتقەکەوە دروستدەبن.
 
رووداو: بە چ رێگەیەک پێشگیری لە فتق دەکرێت؟
 
د. محەممەد مەمووندی: فتق نەخۆشییەکی سکماکییە، بەڵام بەشێکی بچووکی پەیوەندیی بە شێوازی ژیانی دایکەکە هەیە و دەکرێت پێشگیری لە هۆکارەکانی بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێشگیری لێناکرێت.
 
رووداو: ئەگەر فتق چارەسەر نەکرێت چ لێکەوتەیەکی لەسەر جەستەی منداڵ دەبێت؟
 
د. محەممەد مەمووندی: هەمیشە دوای دەستنیشانکردن پێویستە بە زووترین کات چارەسەری پێویست بۆ فتقەکە بکرێت، ئەگەریش چارەسەر نەکرێت ئەوا منداڵەکە بەگوێرەی جۆری فتقەکە تووشی لێکەوتەکانی دەبێت، کە باوترینیان فتقی بەلزەهارە کە دەشێت ئەم لێکەوتانەی هەبێت؛ 
 
- گیران و نەچوونی خوێن بۆ ریخۆڵەکان
- تەقینی ریخۆڵەکان
- پەستانی زۆر لەسەر ئەو ملوولە خوێنانەی کە خوێن بۆ گونەکان دەبەن، لە کوڕان
- زیانگەیاندن بە هێلکەدان، لە کچان
 
رووداو: ئایا نەشتەرگەریی فتق هیچ مەترسییەک لەسەر تەندروستیی منداڵەکە دروستدەکات؟
 
د. محەممەد مەمووندی: نەشتەرگەریی فتق لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیا ئێستا کاریگەریی لاوەکیی کەمە و منداڵ تووشی ئازار نابێت، بەڵام منداڵ لەو نەشتەرگەرییە پێویستی بە سڕکردنی گشتییە.
 
رووداو: ئایا فتق لە منداڵی کوڕ زیاترە یاخود لە منداڵی کچ؟
 
د. محەممەد مەمووندی: فتق پێنج تاوەکو 10 ئەوەندە لەنێو منداڵی کوڕ دا باوە.
 
رووداو: ئەگەر نەشتەرگەریی فتق نەکرێت و دوای دەستنیشانکردن ماوەی چەن ئاساییە چارەسەرەکە نەکرێت؟
 
د. محەممەد مەمووندی: بەداخەوە، بەشێکی دایک و باوکان وادەزانن کە دەبێت چاوەڕێبکەین تاوەکو تەمەنی منداڵەکە گەورە دەبێت، بەڵام لە راستیدا ئەوە نازانستییە و دواخستنی چارەسەر منداڵەکە تووشی کێشەی تەندروستی دەکات، بۆیە جگە لە فتقی ناوک، بەهیچ جۆرێک نابێت نەشتەرگەری بۆ فتق دوابخرێت کە دەستنیشانکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە