دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا مادەیەکی نێو خواردنەوە گازییەکان قەدەخەدەکات

06-07-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەو مادەیەی لە سۆدە و خواردنەوەکاندا بۆ پاراستنی تامی لیمۆ بەکاردەهێنرێت سەلامەت نییە و قەدەخەی دەکات.
 
دەزگای و خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا دەریدەخات، زەیتی رووەکی گۆڕێندراو بە بڕۆمین چیدیکە سەلامەت نییە و نابێت لە نێو خۆراک و خواردنەوەکاندا بەکاربهێنرێت، ئەمەش دوای ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ دامەزراوەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا.
 
توێژینەوەکان چەند کاریگەرییەکی نەرێنیی ئەم مادەیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەرخست کە بووەهۆی ئەوەی دەزگاکە مادەکە قەدەخەبکات.
 
جیم جۆنس، جێگری کۆمسیاری خۆراکە مرۆییەکان لە FDA دەڵێت، ''قەدەخەکردنی ئەم مادەیە لەسەر بنەمای پێداچوونەوەی ورد بوو بە مادەکە و دەرکەوت کە مادەکە سەلامەت نییە بۆ تەندروستیی''. 
 
پرپفیسۆر تۆماس گالیکان، پسپۆڕی تەواوکەرە خۆراکییەکان لە FDA روونی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانیت بەرهەمێک زەیتی رووەکی بڕۆمکراوی تێدایە یاخود نا پێویستە لیستی پێکهاتەکانی بەرهەمە بخوێندرێتەوە، هەروەها دەڵێت: ئەم مادەیە زیاتر لە خواردنەوەکانی تامی لیمۆ هەیە.
 
زەیتی رووەکیی بڕۆمکراو چییە؟
 
بە گوێرەی FDA زەیتی رووەکی برۆمکراو کە بە BVO ناسراوە، زەیتێکە بە مادەی برۆم دەستکاری کراوە کە توخمێکی کیمیایی سرووشتییە، وەکو پارێزەری خۆراک بە شێوەیەکی سەرەکی لە خواردنەوە تام لیمۆییەکاندا بەکاردێت بۆ ئەوەی تامەکەی جیا نەبێتەوە.
 
مەترسیی زەیتی رووەکی بڕۆمکراو
 
پڕۆفیسۆر تۆماس گالیگان، گوتی، BVO کاریگەریی لەسەر رژێنی غودە 'رژێنی پەریزادە' هەیە، بەجۆرێک وادەکات هۆرمۆنی کەمتر دەربدات و ئەمەش دەبێتەهۆی خەمۆکی و زیادبوونی کێش، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە غودەش زیاددەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە