پسپۆڕێک رێگەکانی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی گەرما رووندەکاتەوە

06-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن لە زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، خواردنەوەی ئاو بەسە بۆ ئەوەی جەستەیەکی شێدار و دوور لە وشکبوونەوەت هەبێت.
 
د. لیانا وێن، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمریکا دەڵێت: ''خواردنەوە وزەبەخشەکان جێگرەوەی ئاو نین و پێویستە بە وریاییەوە بخورێنەوە و نابێت منداڵان بیانخۆنەوە''.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، هەر کەسێکی پێگەیشتوو هەشت پەرداخ ئاو بخواتەوە، بەڵام بەپێی بارستەی جەستە، چالاکیی رۆژانە و جۆری خۆراکی کەسەکە دەگۆڕێت، بەجۆرێک ئەوانەی لەبەر خۆر کاردەکەن پێویستە هەر 20 خولەک جارێک نزیکەی نیو لیتر ئاو بخۆنەوە، هەروەها پێش چوونە دەرەوە بۆ کەشی گەرم، ئاوخواردنەوەی پێویست هەبێت.
 
هەروەها ئاشکرای دەکات، نابێت لەماوەی کاژێرێکدا زیاتر لە لیتر و نیوێک ئاو و شلەمەنییەکانی دیکەش بخورێنەوە، چونکە خوێن شلدەکاتەوە و چڕییەکەی کەمدەکاتەوە، بەمەش دەشێت 'سەرئێشە، لەهۆشخۆچوون، ناڕێکیی بیرکردنەوە، خێرالێدانی دڵ، ژەهراویبوون بە ئاو و کەمبوونەوەی مادە کانزاییەکان' رووبدەن.
 
کاتە گرنگەکانی ئاو خواردنەوە لەم وەرزە گەرمەدا بزانە
 
بەکارهێنانی ژیناو بۆ شێدارکردنەوەی جەستە
 
بە گوتەی د. لیانا وێن، ژیناو ئاو و مادەخۆراکییەکانی تێدایە و بۆ کەسانی تەندروست و ئەوانەی کە تووشی نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە نەبوون پێویست ناکات بەکاربێن، ''چونکە لەڕێگەی خواردنەوە مادەخۆراکییە پێویستەکان وەکو 'سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، کالیسیۆم، مەگنسیۆم و شەکرەکان' وەردەگیرێن و بڕی پێویستی ئاوی رۆژانەش دەخورێتەوە''.
 
تەنانەت دەڵێت: ''ئەوانەی وەرزشی مامناوەند و قورسیش دەکەن مەرج نییە پێویستیان بە ژیناو هەبێت''.
 
''خواردنەوە وزەبەخشەکان جەستە وشکدەکەنەوە''
 
د. لیانا وێن، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمریکا دەڵێت: خواردنەوە وزەبەخشەکان جێگرەوەی ئاو نین و پێویستە بە وریاییەوە بخورێنەوە و نابێت منداڵان بیانخۆنەوە.
 
هاوکات دەشڵێت: خواردنەوە وزەبەخشەکان کافایینیان تێدایە کە جەستە وشکدەکەنەوە و بەکارهێنەرانی تووشی هەریەک لە 'دڵەڕاوکێ، لەرزین و ناڕێکیی لێدانی دڵ' دەکەنەوە.
 
بە گوێرەی ئەکادیمیای ئەمریکیی منداڵان، نابێت منداڵ و نەوجەوانان خواردنەوە وزەبەخشەکان بخۆنەوە و داوا لە دایک و باوکانیش دەکات، بە وریاییەوە چاودێرییان بکەن.
 
''چا و قاوە لە هاویندا کەمبکرێنەوە''
 
خواردنەوەی چا و قاوە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بایەخێکی زۆری هەیە، بەڵام ئەم پسپۆڕەی پزیشکیی فریاکەوتنە دەڵێت: کافایینیان تێدایە و جەستە وشکدەکەنەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە هەر نەخورێنەوە، بەڵکو کەمبکرێنەوە و لەگەڵ خواردنەوەشیان بایەخی زیاتر بە ئاو بدرێت.
 
''بە دووربە لە خۆراکە خێراکان و خواردنەوە کحولییەکان لە هاویندا''
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، ''خۆراکە خێراکان هۆکارن بۆ وشکبوونەوەی زیاتری جەستە و ئاوچنینی جەستە زیاددەکەن، ئەمەش وادەکات جەستە پێویستی بە بڕێکی زیاتری ئاو ببێت لە هاویندا، کحولیش میزکردن زیاددەکات و بەهەمان شێوە جەستە زیاتر وشکدەکاتەوە''.
 
هەروەها گوتیشی، لە کەشی گەرمدا پێویستە کحول نەخورێتەوە، چونکە هاوسەنگکردنی پلەی گەرمیی جەستە تێکدەدات، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە گەرمابردن و جەڵتە زیاددەکات.
 
د. لیانا وێن، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە کەشی گەرم پێشنیاز دەکات وەکو؛
 
- چوونەدەرەوە لە کاتە فێنکەکاندا وەکو بەیانیان، ئێوارە و شەوان.
- لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمابردن پزیشک ئاگاداربکەرەوە.
- منداڵ و بەساڵاچووان هەمیشە ئاوبخۆنەوە و نەچنە بەر گەرما.
- دووربکەورەوە لەو خۆراکانەی وشکبوونەوەی جەستە زیاددەکەن.
- ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە پابەندبن بە بەکارهێنانی دەرمانەکانیان و خۆیان لە کەشی گەرم بپارێزن.
- لەکاتی چوونە بەر گەرما کڵاو، چەتر، چاویلکە و جلوبەرگی قۆڵدرێژ بەکاربێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە