بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی: تووشبوون بە کۆرۆنا لەنێو منداڵان زیادیکردووە

06-07-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی مندڵان لە سلێمانی دەڵێت، توشبوون بە کۆرۆنا لەنێو منداڵان زیادیکردووە، کە زیاتر نیشانەکانی بە تای بەرز، قوڕگ ئێشە، سەرئێشە و لووت تەڕی دەناسرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 6-7-2022، د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "پەتایەک لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە کە بە تای بەرز و قوڕگ ئێشە و سەرئێشە و بەشێكیان لووت تەڕی دەناسرێنەوە. بەشێکی زۆری ئەو نیشانانەش تووشبوونە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا."
 
بە گوتەی د. پشدەر عەبدوڵڵا: "ئێستا هیچ ماڵێک نییە لە هەرێمی کوردستان منداڵێکی تووشی ئەو پەتایە نەبووبێت. رۆژانە 80 بۆ 90 تووشبووی لەو جۆرانە سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن." گوتیشی: "ئێمە هەر لە کاتی پەتای سکچوون و رشانەوە رامانگەیاندبوو، کە گومان دەکەین بەشێکی زۆری ئەو تووشبووانە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان هۆشداری بە هاونیشتمانییان دەدات و دەڵێت: "نەترسن و دەرمانی زۆر بەکارنەهێنن، ئەگەر ئەو نیشانانە دەرکەوت بزانن کە کۆرۆنایە. لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکان لە منداڵەکانتان سەردانی نەخۆشخانە بکەن و با پسپۆڕی منداڵان بیانبینن." 
 
رۆژی سێسشەممە، 5-7-2022، د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا لە شەپۆلی پێنجەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناداین، راستە لەم شەپۆلەدا رێژەی گیانلەدەستدان کەمترە بەراورد بە جۆر و شەپۆلەکانی پێشتر، بەڵام ژمارەی تووشبوون زۆرتر و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراترە."
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر گوتیشی: "دوورکەوتنەوەی خەڵک لە رێنوێنییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن و دەستکردن بە تێکەڵبوون و پابەندنەبوون بە مەودای دووری، هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، دەبێت خەڵک زیاتر پابەندی رێنوێنییەکان بێت، چونکە ئێستا ئەوانەشی کە ڤاکسینیان کردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیادیکردووە و دەیگرنەوە، بۆیە بەتایبەت لە رۆژانی داهاتوو و جەژنی قوربان بە نیازی دەرکردنی کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێین تایبەت بە خۆپاراستن."
 
د. بێریڤان عەدنان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کەمیی ڤاکسینکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان و بە قسەی ئەو "دەبوو لە کۆتایی ساڵی 2021دا رێژەی 60%ـی خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتبایە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێژەکە لە دەوروبەری 50% دەبێت."
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ڤایرۆس هەڕەشەی زۆریان لەسەر خەڵک دروستکردووە، ئەوانیش کۆرۆنا، تای خوێنبەربوون و کۆلێران، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی زوو زوو باس لە پێویستیی پابەندبوونی خەڵک بە رێنوێنییەکان بۆ خۆدوورگرتن لە کێشەی ڤایرۆسەکان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.