32 نەخۆشی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەیەکی کەلار خەوێندراون و "هیچ دەرمانێک لە نەخۆشخانەکەدا نییە"

06-05-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 70 منداڵ لە نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار خەوێندراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت، 32 کەس لەوانە هەڵگری نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکن. باس لەوەش دەکات، لە رێگەی خێرخوازانەوە دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە دابین دەکرێت.
 
ماوەیەکە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە و ئێستاش لە گەرمیان چەندین تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکراون، ئەمڕۆ شەممە، 6ـی ئایاری 2023، دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا، بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی گوت، ئێستا 72 منداڵ لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە 32 یان هەڵگری نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکن.
 
دکتۆر حارس محەممەد، ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام ئەو منداڵانەی دۆخیان باشتر دەبێت، دەنێردرێنە ماڵەوە، بۆ ئەوەی بتوانن نەخۆشی دیکە وەربگرن، ''بە تایبەتی رۆژانی یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە رێژەی نەخۆشەکان ئەوەندە زۆر دەبن کە جێگەیان نابێتەوە.''
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا دەڵێت، جگە لەو 32 کەسەی کە هەڵگری نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکن، 40 منداڵی دیکە بەردەوام لە ژێر چاودێری دان و رۆژانە دووجار پشکنینی ئاوی پشتیان بۆ دەکرێت لەبەرئەوەی ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
 
هەوکردنی پەردەی مێشک، بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکه پەتک، نەخۆشییەکە لەرێگەی خوێن یان دەستلێدانەوە دەگوێزرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێدەکەوێتەوە.
 
دکتۆرەکە باسی لەوەش کرد، ''بەداخەوە هیچ دەرمانمان لە نەخۆشخانەکە نییە، هەر نەخۆشێک لەو 72 نەخۆشە، چوار جۆر دەرمان وەردەگرێت، ئێستاش لە رێگەی خێرخوازانەوە دەرمانەکان دابین دەکرێن و تائێستا بۆ ئەم پەتایە هیچ بودجەیەک دابین نەکراوە، بە تایبەتی بۆ نەخۆشخانەی قەڵا کە بەشێکە لە نەخۆشخانەی گشتی.''
 
دکتۆر حارس محەممەد گوتیشی، بە نووسراوە داوایان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی کردووە کە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییەکان، ئاوڕێک لە نەخۆشخانەی قەڵا بدرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە