پسپۆڕێکی پێست مەرجەکانی پێستێکی هاوسەنگ و گەشاوە ئاشکرادەکات

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست لە ئەمریکا دەڵێت، خانمان و پیاوان پێویستە بایەخ بە تەندروستیی پێستیان بدەن، چونکە پێست گەورەترین ئەندامی جەستەیە و کاریگەری لەسەر رەفتار و شێوازی ژیانی تاک دروستدەکات. 
 
دکتۆر ئالی رای، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە کلیڤلاندی پزیشکیی ئەمریکا دەڵێت، "خەو، خۆراک و شێوازی ژیان راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی پێست هەیە"؛ هەروەها باسی کاریگەریی خەو دەکات و دەڵێت: ''6 بۆ 8 کاژێر خەوی شەوانە یارمەتیی هاوسەنگیی پێست دەدات.'' 
 
دکتۆر ئالی روونی دەکاتەوە کە خەوی پێویستی شەوانە گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، بەوەش پێست کەمتر دووچاری ناڕێکیی هۆرمۆنەکان دەبێت و سەرئەنجام پێست درەوشاوەتر دەردەکەوێت. 
 
بە گوتەی دکتۆر ئالی، خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە بەجۆرێک لانیکەم هەشت پەرداخ ئاو لە رۆژێکدا دەبێتەهۆی شێداریی پێست، چونکە مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری، سووربوونەوە و خوران کەمدەکاتەوە. 
 
توێژینەوەیەکی ژاپۆنی دەریخستووە، خواردنەوەی ئاو نیشانەکانی پیربوون لەسەر پێست کەمدەکاتەوە. پسپۆڕەکەی پێستیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ''خواردنەوەی ئاو پێست شێداردەکات و رەشایی ژێر چاو کەمدەکاتەوە؛ هەروەها چرچولۆچیی رووخسار لەسەر پێستی شێداریش کەمتر دەردەکەوێت.''
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی پێست گوتی، خۆشۆردن بە ئاوی گەرم و زۆر مانەوە لەنێو گەرماودا زیان بە پێست دەگەیێنێت، بەجۆرێک دەبێتەهۆی دروستبوونی پەڵە و وشکبوونەوەی پێست؛ هەروەها دەشڵێت: ''پێویستە ئاوی شلەتێن بەکاربێت و مانەوە لە گەرماو 10 بۆ 15 خولەک بخایەنێت.''
 
لەبارەی پیسبوونی دەست و دروستبوونی زیپکە، دکتۆر ئالی رایدەگەیێنێت، پێش دەستدان لە رووخسار دەستەکان بشۆردرێن، چونکە دەکرێت دەستی پیس زیندەوەرە وردبینەکان بگوازێتەوە بۆ پێست و ببێتەهۆی گیرانی چەورییە رژێنەکان، بەمەش زیپکە و پەڵەی پێستی لێ دروستدەبێت. 
 
پسپۆڕەکە رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، کاتێک دەچنە دەرەوە لە ژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دژەخۆر بەکاربهێنن، چونکە جۆرەکانی بەگوێرەی تایبەتمەندیی پێست و رێژەی دژەخۆرەکە دەگۆڕێت.