نەتەوە یەکگرتووەکان 69 تۆن دەرمان بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەنێرێت

06-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان 69 تۆن دەرمان و پێداویستیی تەندروستی بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەنێرێت. دەرمانەکان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان، تێکچوونی لەناکاوی تەندروستی و ئەنفلەوەنزا بەکاردێن.

رۆژی یەکشەممە 6-5-2023، ئاژانسی هاریکاریی مرۆیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، بڕی 69 تۆن دەرمان و پێداویستیی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەنێرێت.
 
دەرمانەکە سەرەتا دەگاتە فڕۆکەخانەی ئەدەنە لە تورکیا و دواتر بە بارهەڵگر دەنێردرێتە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. دەرمانەکە بەسەر کۆمەڵگەی پزیشکیی ئەمریکا لە سووریا، پزیشکانی سەربەخۆ و رێکخراوی ئازادی و پێشکەوتنی سووریا دابەش دەکرێت.
 
ئەمە جاری سێیەمە نەتەوەیەکگرتووەکان دەرمان بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا و تورکیا دەنێرێت لە دوای بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵ.
 
لە نیساندا نەتەوەیەکگرتووەکان 80 تۆن دەرمانی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا نارد. دەرمانەکان پێکهاتبوون لە ئەنتی بایۆتیک، دەرمانی نەخۆشییەکانی سنگ، ئازارشکێن، ڤیتامین بۆ گەورە و منداڵ و کەرەستەی خۆپاراستنی کەسی لە نەخۆشی.
 
لە ئاداریشدا 80 تۆن دەرمان بە فڕۆکە گەیێندرایە باکووری کوردستان و تورکیا و دواتریش بەشێکی نێردرا بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە