ڤاکسینی HIV تووشکەری ئەیدز لە قۆناخی یەکەمدا ئەنجامی دڵخۆشکەری هەبووە

رووداو- دیجیتاڵ

رێکخراوی IAVI و Scripps بڵاویان کردووەتەوە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی HIV تووشکەری ئەیدز لە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو بووە.


بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی رێکخراوەکان بڵاویان کردووەتەوە ڤاکسینەکە توانیویەتی هانی سیستەمی بەرگری جەستە بدات و دژەتەن دژی ڤایرۆسی HIVی تووشکەری ئەیدز دروستبکات.

د. ویلیام شچیف، پرۆفیسۆری بەرگریزانی لە سەنتەری توێژینەوەی سکریپس دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت هانی خانەکانی B بدەین بۆ ئەوەی دژەتەنی bNAbs دروست بکەن و دژی ڤایرۆسەکە بجەنگن.

لە قۆناخی یەکەمدا ڤاکسینی HIV لەسەر 48 خۆبەخش تاقیکراوەتەوە و، لە زۆربەی خۆبەخشەکان کە ڤاکسینەکەیان پێدراوە سیستەمی بەرگری جەستە کاردانەوەی هەبووە و دژەتەنی دروست کردووە.

ڤایرۆسی HIV تووشکەری ئەیدز ساڵانە تووشی 38 ملیۆن کەس دەبێت، بەگوتەی پزیشکان یەکێکە لە ڤایرۆسە سەرسەختەکان کە دروستکردنی ڤاکسین بۆی زەحمەتە.