لە دهۆک پزیشکێک نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ نزیکەی 3000 نەخۆش کردووە
رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکی شاری دهۆک رایگەیاند، تائێستا نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ نزیکەی 3000 نەخۆش کردووە. تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە نەشتەرگەرییەکە بۆ شەش نەخۆشی دیکە دەکات.
دکتۆر شاکر سەلیم باڵندی، پزیشکی پسپۆری چاندنی گورچیلەیە، رۆژی دووشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17ی رووداو دا گوتی،" تاوەکو ئێستا 2900 نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەم کردووە."
لە پای ئەو خزمەتەی لە بواری تەندروستی دا کردوویەتی، ئەمڕۆ رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤی عێراق، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە دکتور شاکر باڵندی.
دکتۆر شاکر گوتی: "چەند رۆژێک لەمەوبەر نەشتەرگەرییەکم بۆ یەکێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە کرد و ئەوانیش خەڵاتیان کردم ." گوتیشی: "نەخۆشەکە تووشی شێرپەنجە بووبوو، لە دەرەوە پێیانگوتبوو دەبێت گورچیلەت دەربهێنی، بەڵام من بەشێکی گورچیلەکەم لابرد و نەشتەرگەرییەکەش سەرکەوتوو بوو."
دکتۆر شاکر ئاماژەی بەوەدا، ئێستا بە نوێترین تەکنیک چارەسەری نەخۆشیی گورچیلە دەکەن و گوتی: "نەخۆش هەبووە لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپاوە هاتووە بەردی گورچیلە و کێشەی دیکەیان هەبووە، لێرە چارەسەرمان کردووە."
دکتۆر شاکر، کە هاوکات سەرۆکی سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی گورچیلەیە لە دهۆک دەڵێت،" لە سەنتەرەکەمان هەموو هەفتەیەک نەشتەرگەری بۆ دوو نەخۆش دەکەین و رۆژانە شوشتنی گورچیلەش بۆ 80 تاوەکو 100 نەخۆش دەکەن."
بە گوتەی دکتۆر شاکر لە ساڵی 2024 رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی گورچیلە، نەشتەرگەری و لەدەستدانی گورچیلە لە دهۆک زیادی کردووە.
دکتۆر شاکر گوتی: "بەهۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی شەکرە، گوشاری خوێن و برینداربوونی گورچیلە، ژمارەی ئەو کەسانەی گورچیلەیان لەدەست دەدەن زیادیکردووە."
دکتۆر شاکر سەلیم هەر ئەو پزیشکەیە کە نەشتەرگەریی بۆ منداڵێکی دهۆک کرد کە بە سێ چووکەوە لەدایکببوو، تۆمارکردنی ئەو کەیسە لە جیهاندا دەگمەنە، ژمارەیەک پزیشک لە جۆرناڵی نێودەوڵەتی بۆ راپۆرتەکانی نەشتەرگەری، راپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، "ئەو منداڵە یەکەم کەسە لە جیهاندا کە سێ چووکی هەبێت."